لە فیلمێکدا رەفتار و دڕندەیی داعش بە کۆمێدیا دەخرێتەڕوو

 
رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکێک لەبارەی رووداوەکانی سەردەمی داعش، لە چوارچێوەی فیلمێکی درێژدا بەناوی "نوقتەی 40" دەخرێتەڕوو، جیا لە فیلمەکانی دیکە، بەشێوەیەکی کۆمێدی، دڕندەیی و کردەوەکانی داعش دەخاتەڕوو.
 
حاجی جادر، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکەیە و لەبارەی رۆڵی لە فیلمەکەدا و چیرۆکی فیلمەکە و بە رووداوی راگەیاند، هەندێ مژار لەخۆ دەگرێت کە داعش بەناوی ئیسلامەوە چی کردووە. گوتیشی، کارکتەری ئەکتەرێکە دەکەوێتە نێو داعش و دەبێتە ئەمیریان و بە شێوەیەکی کۆمێدی رووداوەکان دەخەنەڕوو.
 
سیروان بەدر، ئەکتەرێکی دیکەی سەرەکیی فیلمەکەیە و باس لەوە دەکات، گوێدرێژێک کارەکتەری نێو فیلمەکەیە و لە کاتی وێنەگرتنی زۆر ماندووی کردوون، بەڵام خاوەن گوێدرێژەکە کرێی رۆژانەی بەشداریی گوێدرێژەکەی وەرگرتووە. گوتیشی: "فیلمێکی بەلەزەتە".
 
زانا رۆشان، ئەکتەرێکی دیکەی سەرەکیی فیلمەکەیە و لە ترسی داعش خۆی لە شێوەی ژن پێشاندەدات و دەڵێت، بەهۆی دیمەنێکی تەقینەوەی نێو فیلمەکە دەستی برینداربووە. گوتیشی: "فیلمێکی بەتامە".
 
فیلمەکە لە سیناریۆ و دەرهێنانی فەرزین کەریمە، لە 29ـی ئابی 2024 لە سینەما هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ پێشانبدرێت، دواتریش لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
 
رووداوەکانی نێو فیلمەکە لە سەردەمی داعشە، ئەوکاتەی داعش موسڵ و و دەرووبەری داگیرکردبوو، لە نزیک خازر ستافێکی فیلم سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێکی کۆمێدین لەبارەی داعش، بەڵام لەلایەن داعشەوە چاودێری دەکرێن. کاتێک داعش دەگاتە لایان، وا دەزانن هاتوون بیانکوژن، بەڵام لەو کاتەدا ئەمیری داعش کوژراوە و داعش بەو سەر و سیمایەی حاجی جادر هەیەتی بۆ رۆڵی لە فیلمەکەدا، وا دەزانن ئەو ئەمیری نوێی داعشە و هاتووەتە نزیک سنوورەکە.
 
چیرۆکی فیلمەکە، چیرۆکی خۆشەویستی، کردەوەکانی داعش لەبەرامبەر خەڵکی بێتاوان و قارەمانیەتی پێشمەرگە پێشاندەدات.