رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی گۆرانیبێژ شوکر خەیات کۆچی دواییکرد، ئەوەش دوای چەند رۆژێک لە نەخۆشکەوتنی.
هونەرمەند شاخەوان بەکر، کەسی نزیکی شوکر خەیات بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 11:00ـی ئەمشەو هەینی، 18-08-2023، هونەرمەند شوکر خەیات لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
چەند رۆژێک بوو باری تەندروستیی هونەرمەند شوکر خەیات ناجێگیر بوو و لەژێر چاودێڕیی چڕدا بوو.
شوکر خەیات لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داوێ لە گەرمیان لەدایکبووە، ناوی تەواوی شوكر محەممەد قادرە، بەهۆی پیشەکەیەوە بە شوكر خەیات دەناسرێت، تاوەکو تەمەنی 12 ساڵی لە گوندەکەی ژیاوە، پاشان ماڵیان بۆ گەڕەكی شوریجەی كەركووك گواستراوەتەوە.
لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و وەک دەنگخۆشێک ناسرا، لە 1967 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج كچ و سێ كوڕە، لە 1969 بۆ یەکەمجار بە گوتنەوەی گۆرانی 'یار غەزاڵ و سەوزە سەوزە'ـی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، هونەرمەندی کورد، ناوبانگی پەیداکرد و لەگەڵ نەی ژەن ئەحمەد داودە، گۆرانی و مەقامی تۆمارکردووە.
لە تەمەنێکی زوو، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە، لەوانە مەقامی ئەڵڵاوەیسی، قەتار، ئای ئای، سێگا، چوارگا، نەهاوەند، عەجەم، حیجاز و سەبا و چەند جۆرێکی دیکە و خاوەنی زیاتر لە سەت بەرهەمە.
شوکر خەیات لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە کەرکووک، ئاوارەی هەولێر بووە و لە بنەسڵاوەی هەولێر نیشتەجێ ببوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ