رووداو دیجیتاڵ
ئۆپێراى دوبەی رێزلێنانێکی تایبەت بۆ مایکڵ جاکسن، شای میوزیکی پۆپ لە دوبەی سازدەکات و بەشێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی وەک 'Thriller'، 'Billie Jean' و 'Smooth Criminal' پێشکێش دەکرێن.
گۆرانییەکانی جاکسن لەلایەن رۆدریگۆ تیزەرەوە پێشکەش دەکرێن و دیزاینی جلەکانی لەلایەن لاڤێل سمیسەوە دیزاینکراوە و ئەم چالاکییە لە 23 و 24 ئەیلوولی 2022 بەڕێوەدەچێت.
ئەو گۆرانیبێژە ئەمەریکییە کە بە ئەفسانە و شای میوزیکی پۆپ ناسراوە، لە حوزەیرانی 2009ـدا گیانی لەدەستدا، بەڵام دوای مردنیشی دوو ئەلبوومی بە ناوەکانی 'مایکڵ' و 'ئێکس سکایپ' لە 2010 و 2014 بڵاوکرانەوە.
دوای مردنی جاکسۆن، کۆمپانیای 'سۆنی' مافی گشت بەرهەمە بڵاوکراوە و بڵاونەکراوەکانیی بە بڕی 220 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ماڵباتەکەی کڕی، بەمەش مافی ئەوەی دەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا حەوت ئەلبوومی گۆرانی لە گۆرانییە بڵاوکراوە و بڵاونەکراوەکانی ئەو گۆرانیبێژە، بڵاوبکاتەوە.
مایکڵ جاکسۆن، لە 28ـی ئابی 1958 لە دایکبووە، لە تەمەنی 11 ساڵیدا لەگەڵ گرووپی 'The Jackson 5' گۆرانی گوتووە و بۆ یەکەم جار لەسەر شانۆ دەرکەوتووە.
لە 1993 بۆ یەکەم جار جاکسن لە بەرنامەی 'ئۆپێرا وێنفری'ـدا باسی لە نەهامەتییەکانی تەمەنی منداڵیی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکر "لە تەمەنی منداڵیدا بەردەوام ھەستم بە تەنیایی دەکرد، پەشیمانم لەوەی باوکێکی وەک جۆزیفم ھەیە، بەردەوام بە تەنیا دەگریام".
جاکسن، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لە ئاھەنگەکانی سەری ساڵ و لە قوتابخانە گۆرانی دەگوت.
لە 1971ـدا مایکڵ بە تەنیا گۆرانی گوت و چەندین ئەلبوومی بڵاوکردەوە، لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا یەکەم رەشپێست بوو بگاتە ئاستێکی جیھانی بەرز.
ئەو هونەرمەندە، لە بواری خێرخوازیدا کاری کردووە و لە ریگەی رێکخراوێکەوە ھاوکاریی پێشکەش بە ٣٩ رێکخراوی خێرخوازی سەربەخۆ دەکرد، ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی زیاتر نێودار بێت.
مایکڵ جاکسن، کەسێکی رەشپێست بوو، بەڵام نەخۆشی پێستی هەبوو و بەهۆیەوە پەڵەی سپی لەسەر پێستی دەردەکەوت بەمەبەستی چارەسەرکردنیش چەندین نەشتەرگەری ئەنجامدا و پارەیەکی زۆری خەرجکرد، بەڵام لەکۆتاییدا بووە بە سپیپێست و دەنگۆیەکی زۆری نایەوە، هەر بەهۆی ئەو نەشتەرگەریانەوە تا دوا تەمەنی باری تەندروستیی ناجێگیر بوو و شێوەی دەموچاوی زۆر گۆڕانکاری بەسەرداهات.
ئەیان ھالبرین، نووسەری کەنەدی کە نووسەری کتێبێک لەبارەی ژیانی جاکسنە، پێشتررایەگەیاندبوو "لە ساڵانی رابردوودا باری تەندروستی بەرەو خراپی دەچوو، تەنانەت توانای ئەوەی نەمابوو نەشتەرگەریشی بۆ ئەنجام بدرێت، لە ئەنجامی نەخۆشی سییەکانی چاوی لای چەپی 95%ـی توانای بینی نەمابوو، ھەروەھا زۆر توانای قسەکردنیشی نەبوو".
مردنی ئەفسانە پۆپ گوماناوی بوو، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ھۆکاری مردنی بۆ ئەو دەرمانە زۆرانە دەگەڕێتەوە کە بۆ نەھێشتنی ئازار بەکاری دەھێنان. بەرپرسێکی پۆلیسی لۆس ئەنجلس رایگەیاند، "جاکسن ھۆگری بەکارھێنانی دەرمانی (ئۆکسیکونتین) بوو و ھیچ نیشانەیەکی برینداربوونی دەرەکی بەسەر لاشەیدا بەرچاونەدەکەوت".
لە 25ی حوزەیرانی 2009، مایکل جاکسن، لە تەمەنی 50 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گیانی لەدەستدا.
ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە، خاوەنی 31 ریکۆردی جیهانی و 13 خەڵاتی گرامییە و لە دوای مردنیشی، بەرهەمەکانی ساڵانە سەتان ملیۆن دۆلار قازاجی هەیە.
ئەلبوومی 'Thriller'ـی جاکسن کە لە 1982ـدا بڵاوکرایەوە، 30 ملیۆن کۆپی لە ئەمریکا فرۆشرا و وەک پڕفرۆشترین ئەلبووم لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دەستنیشانکرا.
'Thriller' بەهێزترین ئەلبوومی ئەو گۆرانیبێژەیە و لە حەوت تراکی گۆرانی پێکهاتووە، لە 1982 تا 1984، 20 ملیۆن کۆپیی لێفرۆشراوە.
لەدوای مردنی جاکسن، زیاتر لە دوو ملیۆن و سەد هەزار کۆپی لەو ئەلبوومە فرۆشراون و لەسەر ئاستی جیهاندا 100 ملیۆن کۆپیی فرۆشراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ