پێشاندانی 'شاردنەوەی سەدام حوسێن' لە سینەماکانی جیهاندا

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، لە بەشێکی زۆر لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندراوە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوو لە بەشێکی دیکەی سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
فیلمەکە لە سینەماکانی ئەوروپا لە سوێد، نەرویج، دانیمارک، فینلەند، بەلجیکا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و رۆمانیا، لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی، لە سعودیە، ئوردن، مەغریب و تونس پێشاندراوە.
 
هەڵکەوت مستەفا، لەبارەی پێشاندانی فیلمەکەی لە سینەماکانی جیهاندا بە رووداوی راگەیاند، گرنگە بۆ ئەزموونی هونەریی دەرهێنەر فیلمەکەی لە سینەماکاندا پێشانبدرێت، نەوەک تەنیا لە فێستیڤاڵەکاندا.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی تەمموزی 2024 لە سینەمای 13 وڵاتی عەرەبی پێشاندەدرێت، بەڵام هەردوو وڵاتی تونس و مەغریب پێشاندانی فیلمەکەیان بۆ جەژنی قوربان پێشخست.
 
تاوەکو ئێستا عێراق بڕیاری لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە نەداوە، لەبەرامبەردا دەرهێنەری فیلم دەڵێت، چاوەڕوانی ئەوەی لە حکومەتی عێراق هەیە رێگە بە پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا بدات.
 
ئێدفا، ناوێکی درەوشاوەی جیهانی سینەما و بەڵگەفیلمە و یەکێک لە سێ گرنگترین فێستیڤاڵەکانی تایبەت بە بەڵگەفیلمە لە جیهاندا، یەکەم پێشاندانی ئەم بەرهەمە لە چوارچێوەی ئەو فێستیڤاڵەدا بوو.
 
لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە لە بەشی "فرۆنت لایت" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام – ئێدفا لە 13ـی تشرینی دووەمی 2023، هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلم، ئامادە بوو. 
 
یەکەم پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بوو لە جەدەی سعودییە و دوو پێشاندانی لە 1 و 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 بۆ کرا. 
 
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلم و عەلا نامیق، کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکە، لە فێستیڤاڵەدا ئامادەبوون.
 
یەکەم پێشاندانی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و عێراق، لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بوو کە چالاکییەکانی لە 9 بۆ 16ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە دهۆک بەڕێوەچوو.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا پێشوازییەکی بەرچاو لە فیلمەکە کرا و بینەرانی فیلم نۆرەیان بۆ کڕینی فیلمەکە گرتبوو.
 
دوایین وێستەگی فیلمەکە لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا، پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی عەمان بوو لە ئوردن کە چالاکییەکانی لە 3 بۆ 11ـی ئەم مانگە بوو، دوو پێشاندانی تایبەتی بە ئامادەبوونی دەرهێنەری فیلم بۆ کرا.
 
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.