بەڵگەفیلمێک لەبارەی کۆڵبەرە ژن و پیاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمدێت

18-07-2023
پەسار فایەق
دیمەنی کاتی وێنەگرتنی بەڵگەفیلمی 'سایدا'
دیمەنی کاتی وێنەگرتنی بەڵگەفیلمی 'سایدا'
نیشانەکردن محەممەد دەروێشیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'سایدا' کورتە فیلمێکی کوردییە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمهاتووە و کاری وینەگرتنی تەواو بووە و ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژدایە، تێیدا باس لە کۆڵبەر لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
 
محەممەد دەروێشیان، دەرهێنەری فیلمەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وێنەگرتنی فیلمەکەی لە گوندی کنگرە لە ناوچەی لەیلاخی رۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە. گوتیشی، ئەم بەرهەمە ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژدایە و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو کارەکانی تەواو ببێت و بۆ فێستیڤاڵە سینەماییەکان بنێردرێت.
 
دەروێشیان، روونیشیکردەوە، فیلمەکە باس لە میهرەبانی دایک دەکات، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ژیانی کۆڵبەرە پیاو و ژنەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو سەختییەی رووبەڕوویان دەبێتەوە.
 
ماوەی فیلمەکە 20 خولەک دەبێت و هەریەک لە شەوبۆ سلێمانی، فەرشید گەوێڵی، حوسێن تەرقی و سوهەیلە سادقی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد دەروێشیان ئامادەکاری بۆ زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی دەکات کە لە هەولێر و سلێمانی بەرهەمدێت و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو بەرهەمبهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە