لە نیویۆرک بەڵگەفیلمێک لەبارەی سێلین دیۆن پێشاندرا

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمێک لەبارەی سێلین دیۆن، هونەرمەندی کەنەدی لە نیویۆرک پێشاندرا و خۆی لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوو. لەبارەی دووبارە گەڕانەوە بۆ سەر شانۆ رایگەیاند، کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام کاری لەسەر دەکات.
 
بەڵگەفیلمەکە بەناوی "I am: Celine Dion"یە، شەوی دووشەممە 17ـی حوزەیرانی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندان، یەکەم پێشاندانی بەڕێوەچوو.
 
دیۆن، لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوو و رایگەیاند، ئەو زۆر حەز دەکات بگەڕێتەوە سەر شانۆ، بەڵام هێندە ئاسان نییە و کاتی پێویستە. سوپاسی ئەو کەسانەشی کرد کە لەم ماوەیەدا هاوکار و پاڵپشتی بوونە.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، تووشی نەخۆشییەکی دەگەمەن بووە، ئەویێ رەقبوونی ماسولکەکانە، بەهۆیەوە ناتوانێت گۆرانی بڵێت و لەسەر شانۆ بوەستێت.
 
لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە، دەزگەی سێلین دیۆن بەڵێنی بەخشینی دوو ملیۆن دۆلاری دا، بۆ ئەوەی لە توێژینەوەی ئەو جۆرە نەخۆشییدا خەرج بکرێت.
 
بڕیارە بەڵگەفیلمی "I am: Celine Dion" لە 25 حوزەیرانی 2024 لە یەکێک لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم بڵاوبکرێتەوە.
 
دیۆن، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە، تەواوی کۆنسێرت و گەشتە هونەرییەکانی لە 2022 هەڵوەشاندەوە.
 
سێلین دیۆن، لە 30ـی ئازاری 1968 لە کەنەدا لەدایکبووە، 200 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا فرۆشراون، سەرەتا بە فەرەنسی گۆرانی گوتووە و لە 1982 لە دوای خەڵاتکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی یاماها بۆ گۆرانی میللی و پێشبڕکێی یۆرۆڤیژن لە 1988 ناوبانگی پەیداکرد. 
 
لە 1990 یەکەم ئەلبوومی بە زمانی ئینگلیزی بەناوی "Inison" بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی بەدەستهێنا، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی زمانی فەرمییان ئینگلیزییە.
 
لەرێگەی گۆرانیی "My Heart Will Go On" ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا کە لە فیلمی سینەمایی "Titanic" بڵاوکرایەوە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە پێنج خەڵاتی گرامی.