هەڵکەوت زاهیر: نزیکی هونەریی زۆر لە نێوان من و عەبدولقەهار زاخۆییدا هەیە

رووداو دیجیتاڵ

بەم دواییە پەیوەندییەکی هونەری لە نێوان هەردوو هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر و عەبدولقەهار زاخۆیی دروستبووە و چەند بەرهەمێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە، نوێترینیان گۆرانییەکە بە دەنگی میرا عەلی.
 
'تە ژبیر ناکەم' لە تێکستی عەبدولقەهار زاخۆیی و لە ئاوازی هەڵکەوت زاهیرە و سەرکان تانیک کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە و بە دەنگی میرا عەلی بڵاوکراوەتەوە.
 
هەڵکەوت زاهیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "'تە ژبیر ناکەم' لە زنجیرەی ئەو کارانە دێت کە لەگەڵ هونەرمەند عەبدولقەهار زاخۆیی پێکەوە دەستمان پێکردووە، بەشێکیان ئاوازی منن و لە تێکستی هونەرمەند خۆیەتی و بە دەنگی ئەو گوتراون، بەشێکیشیان لە تێکستی ئەو هونەرمەندەن و لە ئاوازی منن و لەلایەن هونەرمەندانی دیکەوە گوتراون، لەوانە میرا عەلی، عەدنان تەموور و ئیلادە مەتین".
 
گوتیشی، نزیکییەکی هونەریی زۆر لە نێوان ئەو و هونەرمەند عەبدولقەهار زاخۆیی هەیە، لە کارکردن پێکەوە ئاسوودەن، تێکستەکانی بۆ گۆرانی زۆر گونجاون و بە زمانێکی زۆر میوزیکیانە دەنووسێت و لە داهاتوودا لە کارکردن پێکەوە بەردەوام دەبن و بەم نزیکانە بەرهەمێکی دیکە لە ئاوازی ئەو بە دەنگی زاخۆیی بڵاودەکرێتەوە.
 
رێشاخ مەحموود کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و ئێوارەی دوێنێ لە کەناڵی تایبەتی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر لە یوتیوب بڵاکراوەتەوە.
 
عەبدولقەهار زاخۆیی، یەکێک لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانی کوردستانە و لە 1976 لە زاخۆ لەدایکبووە، بەدەیان بەرهەمی هەیە، جگە لە کوردستان، ئاهەنگەکانی لە دەرەوەی وڵاتیش سازکردووە.
 
هەڵکەوت زاهیر وەک ئاوازدانەر و بەرهەمهێنەر، کاری بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد و عەرەب کردووە.