لەناو كورد دەشنێ و لە ناو عەرەب نانسی عەجرەم زۆرترین لایكیان هەیە

18-06-2013
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن دەشنێ موراد
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەدواداچوونێكی (رووداو) بۆ لایكی فەیسبووك و تویتەری هونەرمەندان، دەریدەخات كە كچە هونەرمەندی كورد دەشنێ موراد زۆرترین لایكی هەیە و لە نێو هونەرمەندانی عەرەبیش نانسی زۆرترین لایكی پەیجەكەی كراوە.

زۆربەی هونەرمەندان وەك هاووڵاتیانی ئاسایی خاوەنی ئەكاونتی تایبەت بە خۆیانن لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكانی فەیسبووك و تویتەر، بگرە زۆر ئەكاونت بەبێ ئاگاداری خودی هونەرمەندان كراونەتەوە و زوو زوو هونەرمەندان لەو بارەیەوە روونكردەوە دەدەن كە خاوەنی ئەو ئەكاونتانە نین.

بەڵام لەناو ئەو هونەرمەندە كوردانەی پەیجی تایبەتییان هەیە دەشنێ موراد زۆرترین لایكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هەیە. پەیجەكەی دەشنێ 666،479 لایك كراوە و لە دوای ئەویش كچە كوردی بەشداربووی عەرەب ئایدڵ، پەرواز حوسێن دێت كە زیاتر لە 230 هەزار لایكی هەیە. هەرچەندە پەرواز حوسێن تەنیا سێ مانگە دەركەوتووە، بەڵام رۆژ بەرۆژ هەواداری زۆرتر دەبن.

ئامانج غازی پسپۆڕ لە بواری میوزیك، پێیوایە لە هەموو دونیا سۆشیال میدیا كاریگەرییەكی زۆر هەیە، هەم بۆ هونەرمەندان و هەم بۆ خەڵكی ئاسایی، بەڵام گوتی “ئەو لایكانە ناچێتە ناو هیچ قاڵبێكی زانستی و هونەری، چونكە ئەمانە لەسەر بناغەی چێژێكی كاتی بنیادنراوە و راڤەی چەمكی قوڵی داهێنان ناكات”.

لە نێو هونەرمەندان بە گشتی، هونەرمەندانی كچ و گەنج زۆرترین لایكیان هەیە. ئامانج غازی دەڵێت زۆربەی ئەو لایكانەی بۆ لاپەڕەی هونەرمەندان دەكرێت، زیاتر ئەو گەنجانەن كە “شەوانە بەدوای كات بەسەربردن و شت ورووژاندندا دەگەڕێن، ئەمەش پەیوەندی بە بیركردنەوەی خودی تاكەكەسەكانەوە هەیە”
هەندێك لە هونەرمەندان پێیانوایە زۆریی ژمارەی لایكی ئەو هونەرمەندانە ئەوە ناگەیەنێ كە ئەوانەی لایكیان كەمە هونەرمەندی باش نین، چونكە هەندێك هونەرمەند دەمێكە رایانگەیاندووە كە ئەوان تۆڕە كۆمەڵایەتەكان بەكارناهێنن، یان كاتیان زۆر كەمە و ناتوانن وەك پێویست وەڵامی خەڵكی بدەنەوە.

گۆرانبێژی لاو زانا جەبەلی، كە تەنیا 119 كەس لاپەڕەكەیان لایك كردووە دەڵێت “زۆربەی هونەرمەندان و گۆرانیبێژان ناتوانن بە بەردەوامی لەسەر فەیسبووك و تۆڕی كۆمەڵایەتی بن، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە ئەو كەسانەی لایكی هونەرمەندێك دەكەن هەر گوێیان لە یەك گۆرانیشی نەگرتبێت، هەر بووەتە مۆدە یان لەبەر خاتری برادەرەكەی لایكی كردووە، بۆیە ژمارەی لایكەكان گەورەیی و خۆشەویستی گۆرانیبێژەكان دەرناخات”.

لەبەرئەوەی دەیان پەیچ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ناوی هونەرمەندانەوە دروستكراون، كەمێك ئەستەمە بەشێوەیەكی دروست ژمارەی هەوادارانی هونەرمەندێك بزانرێت.

لەناو هونەرمەندانی عەرەبیش پێشبڕكێیەكی زۆر هەیە لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین لایك و فرێند، ساڵانەش بەو بۆنەیەوە فێستیڤاڵ و مەراسیمی تایبەت سازدەكرێت و خەڵاتیش بەسەر یەكەمەكان دابەشدەكرێت. لە نێو هونەرمەندانی عەرەب هونەرمەند نانسی عەجرەم كە یەكێكە لە دادوەرانی بەرنامەی عەرەب ئایدل، زۆرترین لایكی هەیە. مانگی رابردووش هەیفا وەهبی وەك زۆرترین ئاوێتەبوونی تویتەر خەڵاتی پێبەخشرا.







لایكی پەیجی هونەرمەندانی كورد لە فەیسبووك
دەشنێ موراد: 666،479 لایك
پەرواز حوسێن: 230 هەزار لایك
چۆپی فەتاح: 137،579 لایك 
ئەیوب عەلی: 121،256 لایك
بەهجەت یەحیا: 102،323

لایكی هونەرمەندانی جیهانی لە تویتەر
جاستن بایبر:40،074،301 لایك
 لەیدی گاگا: 37،997،431 لایك
ئەكتەر و سترانبێژ كاتی پێری: 37،485،754 لایك
ریهانا: 29،892،735 لایك
تایلور سویفتی: 28،782،330 لایك
برێتنی سپێرز: 27،736،634 لایك
شاكیرا: 20،839،242 لایك
كیم كارداشیان: 17،878،933 لایك

لایكی هونەرمەندانی عەرەب لە فەیسبووك
نانسی عەجرەم: 5.480 هەزار لایك
ئەلیسا: 4.084 هەزار لایك
كازم ساهر: 2.253 هەزار لایك
راغب عەلامە: 2.178 هەزار لایك
نەجوا كەرەم: 1.540 هەزار لایك

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە