گرووپی ویزەر کۆنسێرتێک بۆ نووسەرانی مانگرتووی ئەمریکا سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی میوزیکی ویزەر، کۆنسێرتێک بۆ نووسەرانی مانگرتوو لە دەرەوەی ستۆدیۆی پارامۆنت پیکچەرز لە لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا سازکرد.
 
گرووپە ئەمریکییە رۆکەکە، چەند بەرهەمێکی خۆی لەسەر شەقام پێشكێش بە بەشێک لە نووسەر و سیناریۆنووسە نا رازیبووەکان کرد، دواتر لە مانگرتنیان بەردەوام بوون و درووشمی جیا جیایان بۆ پاراستنی مافەکانیان بەرزکردەوە.
 
نووسەرانی دراما و فیلمی سینەماییەکان، درووشمیان لە دژی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە نووسین و داڕشتنی تێکستی بەرهەمە هونەرییەکاندا بەرزکردەوە. 
 
گردبوونەوەکە لە دژی راگەیێندراوی هەردوو کۆمپانیای نێتفلیکس و دیزنییە، کە پێشتر بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "دەکرێت زیرەکیی دەستکرد شوێنی مرۆڤ لە نووسینی تێکستی سینەمادا بگرێتەوە".
 
ئەو ژیرییە دەستکرد لە رێگەی رۆبۆتی 'ChatGPT' ئەنجام دەدرێت؛ باس لەوە دەکرێت کە رەنگە رۆبۆتەکە بتوانێت چیرۆکی سەرەتایی بنووسێت، کۆمپانیاکانیش تەنیا بۆ پێداچوونەوە سوود لە توانای نووسەرەکان وەردەگرن.
 
چەند هەفتەیەکە سەندیکای نووسەرانی ئەمریکا لەگەڵ کۆمپانیاکانی فیلم لە گفتوگۆدایە، بۆ بەکارنەهێنانی ژیریی دەستکرد لە پیشەسازیی فیلمدا. 
 
بەشێکی زۆر لە نووسەران بە دووری دەبینن ژیری دەستکرد بتوانێت جێگەی ئەوان بگرێتەوە.