دڵنیا رەزازی بە ئەلبوومێکی گۆرانی دەگەڕێتەوە لای هەوادارانی

18-02-2024
پەسار فایەق
رووبەرگی ئەلبوومی 'شەن'
رووبەرگی ئەلبوومی 'شەن'
نیشانەکردن دڵنیا رەزازی 'شەن'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند دڵنیا رەزازی، دوای چەند ساڵێک کارکردن بۆ ئەلبوومێکی گۆرانی، نوێترین ئەلبوومی بەناوی 'شەن' بڵاوکردەوە.
 
دڵنیا رەزازی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'شەن' نوێترین ئەلبوومیەتی و ئێستا لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوب و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بەردەستە و لە نۆ تراکی گۆرانی پێک دێت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کاری بۆ کراوە و هیواخوازە بە دڵی هەوادارانی بێت.
 
دڵنیا رەزازی کچی هەردوو هونەرمەند مەرزیە فەریقی و ناسر رەزازی، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە بەرهەمهێنانی ئەلبوومەکە هاوکاری بوونە، بەتایبەت بۆ کاری میوزیکەکەی، ئەویش هونەرمەندان، کاوە قادری، موحسینی حوسێنپوور، موکریان ئەبوبەکر، پێدرام شەهلای و شاکۆ شێرکۆ.
 
لەم بەرهەمەدا وەزیر خالید وەک پرۆدیوسەر کاری بۆ ئەلبوومەکە کردووە و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لەئەستۆگرتووە.
 
یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەلبوومەکە بەناوی 'ئەزیزم'ـە کە پێشتر بە دەنگی دایکی هونەرمەند مەرزیە فەریقی تۆمارکراوە و لەو ئەلبوومە بە میوزیکێکی نوێ و بە ریتمێکی خێرا بە دەنگی دڵنیا رەزازی گوتراوەتەوە.
 
دڵنیا رەزازی لە 1979 لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، سەرەتای دەرکەوتنی لە بواری هونەریدا، دوای کۆچی دوایی دایکی بوو و بە ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی دایکی دەستیپێکردووە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە