فیلمی Ana, mon amour لە فێستیڤاڵی بەرلینالە نمایشکرا

18-02-2017
دلێر تێلی
..
..
نیشانەکردن بەرلینالە
A+ A-

رووداو- بەرلین

ئەکتەر و ستافی فیلمی درامایی Ana, mon amour  ، کە بەرهەمێکی هاوبەشی وڵاتانی رۆمانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسایە, لەسەر  فەرشی سووری فێستیڤاڵی بەرلینالە ئامادەبوون و ستافی فیلمەکەش تایبەت بۆ رووداو دەدوێن.


بۆ یەکەم جار ئەم فیلمە لە بەرلینالە نمایش دەکرێت، بۆیە ستافی فیلمەکە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێ نمایشکردنی ئەم فیلمەیان دەکرد، بەتایبەت ئەکتەری رۆمانی دیانا کەڤەلیوتی، کە رۆڵی سەرەکی لە فیلمی دە دەبینێت، تایبەت بۆ رووداو باسی لە رۆڵی خۆی دەکات.

دیانا دەڵێت "با بە چەند وشەیەک باسی فیلمەکەتان بۆ بکەم. فیلمەکە بەشێوەیەکی سەرەکی دەربارەی کارەکتەرێکی ژنە، ئەویش لە چاوی هاوژینەکەیەوە. واتە ئەمە تێڕوانین و لێکدانەوەی هاوژینەکەیەتی بۆ ئەو. فیلمەکە دەربارەی خۆشەویستی ئەوانە، ئیدی هەر لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی بەمشێوەیە چیرۆکەکان باس دەکرێن". 

دەرهێنەرێ رۆمانی، کەیلن پیتەر، کە وەرگری خەڵاتی ورچی زێرینی فێستیڤاڵی بەرلینالەیە، لەگەڵ هەردوو ئەکتەری سەرەکی و تەواوی ستافی فیلم لەسەر فەرشی سوور ئامادەبوون و باسی کاست و سیناریۆی فیلمێ  بۆ رووداو کرد و گوتی"چیرۆکی ئەم فیلمە چیرۆکێکی خۆشەویستیە، بەڵام بەشێوەیەک کە باس لە پشتبەستن دەکات لە نێوان دوو خۆشەویستدا، فیلمەکە رابردووی دوو کارەکتەری سەرەکی پیشان دەدات، ئێمەش دەمانەوێت باس لەوە بکەین، کە چۆن ئەو پەیوەندیە لە نێوانیان دروستبووە". 

چیرۆکی فیلمی ئانا مون ئەمور، باسی دوو گەنج دەکات بەناوەکانی تۆما وئانا، هەردووکیان لە کۆلیژی ئاداب دەخوێنن ، بەڵام دواجار ئانا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت، بۆ ئەوەی لەم کێشە دەروونییە دەربازی بکات تۆما دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، ئیدی کێشەو گیروگرفتی دیکە بەرۆکیان دەگرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە