رووداو دیجیتاڵ
لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکەمین خولی خەڵاتی "کاڵ" بۆ داهێنانی ئەدەبی بەڕێوەچوو، تێیدا خەڵات لە بەشی شیعر، چیرۆک و رۆمان پێشکێشکران.
رێوڕەسمی راگەیاندنی خەڵاتەکانی کاڵ، لە 16ـی کانوونی دووەمی 2025 لە سینەما بەهمەن بەڕێوەچوو. خەڵاتەکە بریتییە لە چاپکردنی ئەو ئەم بەرهەمانەی چاپ نەکراون، هەروەها بەرهەمە چاپکراوەکانیش وەک کتێبی دەنگی ئامادە و بڵاو دەکرێنەوە.
خەڵاتی "کاڵ" بیرۆکەی هەردوو نوسەر و رەخنەگر د. بەیان عەزیزی و رەزا عەلیپوورە و لەلایەن دامەزراوەی کافە کتێبی کاڵ سەرپەرشتی دەکرێت، 15 ساڵە بیرۆکەی بەخشینی خەڵاتەکەیان لەلا گەڵاڵە بووە و ئەمساڵ راگەیێندرا.
نووسەران بە بەرهەمەکانیان لە چەندین شار و شارۆچکەی کوردستانەوە بەشداربوون، دوای هەڵسەنگاندنیان لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆرەوە، براوەکان راگەیێندران.
د. نەزەند بەگیخانی، نەشمیل عەلی بەرزنجی، راهۆز کامەران و بەشدار سامی، بەشێک لە شاعیرانی باشووری کوردستان بوون کە لە بەشی شیعردا کە بە شێوەزاری سۆران دەنووسن، بوونە براوەی خەڵاتەکە.
نەشمیل عەلی بەرزنجی، بە کتێبی "ببە بە با" بووە براوەی خەڵاتی کاڵ و لەمبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، شانازی بەوە دەکات لە سنەی شاری هونەر و داهێنانەوە ئەو خەڵاتە وەربگرێت، بەتایبەتیش خەڵاتەکە چاپکردنی کتێبە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ببە بە با" پێشتر چاپکراوە و بڕیارە رێکخەرانی خەڵاتەکە بەشێوەی کتێبی دەنگی ئامادە و بڵاوی بکەنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، خەڵاتکردنی کتێبەکان لەسەر بنەمای فۆڕم و زمان و چەند بابەتێکی دیکە بووە.
کتێبی شیعریی "ببە بە با" لە 90 لاپەڕەدا لە 2022 چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی کورتە شیعرەکان و بەشی شیعرە درێژەکان و مژاری کۆمەڵایەتی و خۆشەویستین، لە کورتە شیعرێکی کتێبەکەدا، شاعیر نووسیویەتی:
"تەنها لەبەر تۆیە گوڵەکانم خۆش دەوێن،
باخچە بیانووە.
لەو سەرمایەی نێو مندا، لەبەر نزیکیت
خەریکە بڕوێیت.
هەر ئەوەندەیە ئیتر!"
لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ئەدیبدۆستان ئامادەبوون و بە زمانی کوردی و بە شێوەزاری جیا جیا بوو، هەروەها پانێڵێکی تایبەت بە ئاڵنگارییەکانی زمان و وێژەی کوردی لە کوردستان پێشکێشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ