ئاشنا محەممەد: دەبێت جلوبەرگی کوردی لە کولتوورەوە ببێتە نەریت
رووداو دیجیتاڵ
ئاشنا محەممەد، دیزاینەرێکی کوردە لە سلێمانی، ماوەی 30 ساڵە وەک بەرگدروو و دیزاینەر کاردەکات و نوێترین کۆمەڵە دیزاینەکانی بۆ بەهاری 2024 خستەڕوو.
ئاشنا محەممەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دیزاینی جلوبەرگی کوردیی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی تێکهەڵکێشی یەکدی کردووە، بۆ ئەوەی خەڵکی هەموو ناوچەکان جلوبەرگی یەکدی بپۆشن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "پێویستە جلوبەرگی کوردی لە کولتوورەوە ببێت بە نەریت و تەنیا بۆ بۆنەکان نەبێت، بەڵکو بۆ ژیانی رۆژانە بەکاربێت".
لەبارەی رەنگی هەڵبژێردراو بۆ جلوبەرگی کوردی لە 2024 رایگەیاند، جوانی جلوبەرگی کوردی لەوەدایە کە دەتوانیت هەموو رەنگەکان بەکاربهێندرێن، لە جلوبەرگی کوردیدا ناکرێت تەنیا رەنگێک بۆ ساڵێک دیاریی بکرێت. گوتیشی: "جلوبەرگی کوردی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەموو رەنگەکان بەکاردێت، ئەویش بە ئاوێتەکردنی هەموو رەنگەکان، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن رەنگەکان پێکەوە بەکاردەهێندرێن".
ئاشنا محەممەد، لەگەڵ بەشێک لە دیزاینەرانی جلوبەرگ هاوڕا نییە کە دەستکاری شێوازی دیزاینکردنی بکرێت و دەڵێت، نابێت لە دوورین و مۆدێلەکەیدا گۆڕانکاری لە جلوبەرگی کوردی بکرێت، بەڵکو دەکرێت ئێکسسواراتی بۆ زیاد بکرێت. گوتیشی: "لە دیزاینی جلوبەرگی کوردیدا، بەهۆی سەرماوە، فەرووم بەکارهێناوە".
ئەو دیزاینەرە کوردە کە دانیشتووی سلێمانییە، رووی قسەکانی لە ژنان دەکات و دەڵێت، جلوبەرگی کوردی بەردەوام جوانییەک بە لەش و لاریان دەدات، ناکرێت خەڵک تەنیا لە نەورۆز و بۆنەکاندا جلوبەرگی کوردییان بیربکەوێتەوە.
ساڵانە بەر لە هاتنی وەرزی بەهار، دیزاینەرانی جلوبەرگی کوردی، دیزاینەکانیان بڵاودەکەنەوە، بەشێکیان گۆرانکاری لە شێوازە کلاسیکییەکەی دەکەن، بەشێكیشیان هەوڵی پاراستنی رەسانیەتیی دەدەن.