کورتە فیلمی 'ژان' بە رۆڵگێڕانی ماهیر حەسەن پێشاندەدرێت

18-01-2023
پەسار فایەق
دیمەنێک لە کورتە فیلمی 'ژان'
دیمەنێک لە کورتە فیلمی 'ژان'
نیشانەکردن کورتە فیلمی 'ژان' ماهیر حەسەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'ژان' کورتەفیلمێکی کوردییە، تێیدا ماهیر حەسەن، ئەکتەری ناسراوی کورد رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت و لە هەمانکاتتدا بەرهەمهێنەریەتی و بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە سینەما سالم لە سلێمانی پێشانبدرێت.
 
فیلمەکە پێشتر لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندراوە و کە لە دوای پێشاندانی لە سلێمانی، پالنی ئەوە هەیە، لە هەولێر، کەرکوک، کەلار، رانیە و چەند شارۆچکەیەک پێشانبدرێت.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرایە و سیناریۆی فیلمەکە هەر لەلایەن لەیلا باغ پیرا ئامادەکراوە و ماهیر حەسەن و بورهان ئەحمەدی بەرهەمهێنەری فیلمەکەن و ماوەکەی 32 خولەکە و 37 چرکەیە.
 
ماهیر حەسەن، لەبارەی فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاتێک کاک بورهان چیرۆکی فیلمەکەی بۆ ناردم، گوتی بیخوێنەوە و حەز دەکەین کاری بەرهەمهێنانی بۆ بکەیت، کە سیناریۆکەم خوێندەوە ئەوەندە کاری لێم کرد، چیرۆکەکەی ئەوەندە ناخ هەژێن بوو، یەکەسەر پێمگوت تۆ تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی بە منت گوتووە؟ ئەی رۆڵی جەلالتان بە کێ داوە؟ گوتی بە کەسمان نەداوە".
 
گوتیشی: "کە وای گوت ئاهێک بە دڵمدا هات، کەسایەتی جەلالم لە ناو خۆمدا دەبینییەوە، کۆمێدیا تۆ دروست دەکات بۆ ئەوەی ئەکتەرێکی تراژیدی و جدی بیت، لە پشتی هەموو پێکەنینێکەوە دەریایەک فرمێسک هەیە، ئەمە وات لێدەکات تۆ ئەکتەرێکی بەتوانا بیت، بتوانیت رۆڵە تراژیدییەکانیش بەرجەستە بکەیت". 
 
روونیشیکردەوە: "'ژان' زۆر شتی لە ناخی مندا جێهیشتووە، بەڕاستی چیرۆکەکە کاری لێم کردووە، نامەوێت قسە لەسەر بیرۆکەی چیرۆکەکە و ناخی چیرۆکەکە بکەم، بە قەد ئەوەی دەمانەوێت بازانین ئەم کارەمان چۆن کردووە.
 
جگە لە ماهیر حەسەن، لەم بەرهەمەدا هەریەک لە هونەرمەندان مائێدە فەزلی، شیما مەلایی، ئەفشین خدری، نیشتمان رەسووڵ نژاد و ئەکرەم محەممەدی بەشدارن.
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە رووداوێکی دەکات کە چەند مانگ لەمەوپێش روویداوە و دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچێکی سێزدە ساڵانی بیرکۆڵ، دایک و باوکی تازە پێیان زانیوە، هەوڵدەدەن لەنێوی ببەن، بەڵام چارەنووسیان شتێکی دیکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە