رووداو دیجیتاڵ
دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکانی لە پارێزگەکانی مووش، ئاگری، ئەرزەڕۆم و ئیدر ـی باکووری کوردستان و ئایدین ـی تورکیا، کۆنسێرتی خانمە هونەرمەندی کورد، خەجێ لە پارێزگای قەرس ـیش هەڵوەشێندرایەوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2024) هونەرمەند خەجێ کۆنسێرتێک لە پارێزگەی قەرسی باکووری کوردستان بکات، بەڵام پارێزگای قەرس بەپاساوی نۆژەنکردنەوەی هۆڵ، کورسی و هەندێک خزمەتگوزاریی تەکنیکی، کۆنسێرتەکەی هەڵوەشاندەوە.
هونەرمەند خەجێ رۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەکەی پارێزگا دەربڕی و نووسی "کۆنسێرتەکەمان لە 17ـی ئەم مانگە لە شاری قەرس پلانی بۆ دانرابوو، چەند مانگێک لەمەوبەر هۆڵەکەمان پێدرابوو. سەرجەم ئامادەکارییەکانمان تەواو بووە و هەموو بلیتی کۆنسێرتەکەمان فرۆشراوە. بیستمان کە لەلایەن پارێزگای قەرس بە پاساوی نۆژەنکردنەوەی هۆڵ و کورسی و خزمەتگوزاریی تەکنیکی، کۆنسێرتەکەمان هەڵوەشێندراوەتەوە. بەدڵتەنگییەوە ئەمە لەگەڵ ئێوەدا بەش دەکەین. پارەی بلیتی کۆنسێرتەکەی قەرس دەگەڕێندرێتەوە."
دوای ئەوەی لە چواری تشرینی دووەمدا قەیووم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئیلیهـ و خەلفەتی دانرا، کۆنسێرت و چالاکیی هونەرمەندانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بە هۆکاری جیاجیا هەڵدەوەشێندرێنەوە و، قەدەخە دەکرێن.
لە چەند رۆژی رابردوودا کۆنسێرتەکانی ئەم خانمە هونەرمەندە کوردە لە پارێزگەکانی مووش، ئاگری، ئەرزەڕۆم و ئیدری باکووری کوردستان و کۆنسێرتەکەی لە شاری ئایدین ـی تورکیا هەڵوەشێندرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ