لیەم پەین ئەندامی 'One Direction' کۆچی دواییکرد

17-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'One Direction' لیەم پەین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"One Direction" یەکێک لە ناوە درەوشاوەکانی هونەری میوزیک و گۆرانییە لە جیهاندا، لیەم پەین، ئەندامی گرووپەکە لە ئەرجەنتین کۆچی دواییکرد و پۆلیسی ئەو وڵاتە دەڵێت، لە بالەکۆنی هوتێل خۆی هەڵداوەتەوە خوارەوە.
 
پۆلیسی بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین، رایگەیاند، لیەم پەین (31 ساڵ)، رۆژی چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە نهۆمی سێیەمی بالەکۆنی هوتێلێک لە بۆینس ئایرێس خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پەیوەندییان پیوە کرابوو کە "کەسێکی شەڕانگێز لە ژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەر یا کحول" لە هوتێلەکەیە، ئەوکاتەی ئەوان گەیشتن، لە بالەکۆنی هوتێلەکە خۆی هەڵدابووە خوارەوە.
 

ئەو گۆرانیبێژە ئالوودەی خواردنەوە کحولییەکان بوو، لە تەمموزی 2023 لە کەناڵە تایبەتەکەی لە یوتیوب ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بۆ ماوەی شەش مانگ خۆڕاگر بووە لە دوورکەوتەنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان.
 

لە دوای بڵاوبوونەوەی مردنی ئەو گۆرانیبێژە، بە دەیان هەواداری لە یۆینس ئایرێس لە نزیک هوتێلەکە ئامادەبوون و هاوخەمی خۆیان بۆ رووداوەکە پێشاندا، مۆمیان داگیرساند و چەپکە گوڵیان لە شوێنی رووداوەکە دانا.
 
ئیزابێلا میلیسی (21 ساڵ) هەودارارێکی پەین بوو و لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوو و لەبارەیەوە گوتی: "لەو بڕوایەدا نەبووم لە تەمنێکی زۆر بچووک بمرێت".
 

لیەم پەین، یەکێک لە پێنج ئەندامەکەی گرووپی "One Direction" بوو کە لە دوای بەشداربوونیان لە پرۆگرامی "The X Factor"ـی بەریتانی لە 2010 گرووپەکەیان دامەزراند. 
 

"One Direction" گرووپێکی پۆپی ئینگلیزی – ئێرلەندییە، لە 2010 لە لەندەن دامەزراوە، یەکێک لە گرنگترین گرووپی میوزیکی کوڕانە لە جیهاندا کە زۆرترین بەرهەمی فرۆشراوە. لە 2016 بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانی گرووپەکە وەستێندرا و هەریەک لە ئەندامانی بەرهەمی تاکە کەسیان بڵاوکردەوە.
 
گرووپەکە خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەمیان لە 2011 بەناوی "Up All Night" بڵاوکرایەوە و دوایین ئەلبوومی بەناوی "Made in the A.M" لە 2015 بڵاوکردەوە.
 
یەکەم گرووپی میوزیکییە لە مێژوودا چوار ئەلبوومی بەسەر یەکەوە لە ریزبەندی یەکەمی لیستی "Billboard 200"ـی ئەمریکیدا بێت، سێیەم ئەلبوومی گرووپەکە بەناوی "Midnight Memories" پڕفرۆشترین ئەلبوومی 2013 بوو لە جیهاندا. 
 
تاوەکو 2020 زیاتر لە 70 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی گرووپەکە لە ئاستی جیهاندا فرۆشراون. براوەی 200 خەڵاتە، لەوانە حەوت خەڵاتی برێت، چوار خەڵاتی ئێم تیڤی بۆ ڤیدیۆکلیپ، شەش خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد و حەوت خەڵاتی میوزیکی ئەمریکییە.
 
داهاتی گرووپەکە لە 2013 زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلار بوو و بیلبۆرد نازناوی "هونەرمەندی ساڵی" بە گرووپەکە بەخشی، لە 2015 ناوی گرووپەکە لە ریزبەندی چوارەمی لیستی فۆربێس بۆ داهاتی کەسانی بەناوبانگدا هات، لە 2016ـش ناویان لە ریزبەندی دووەمی هەمان لیستدا هات.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کچێکی بێ سەرپۆش لە پێشانگەی مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخی تاران

لە تاران تابلۆی پیکاسۆ و وارهۆڵ خرانەڕوو

لە کاتێکدا ئێران بەردەوام لەگەڵ رۆژئاوا رووبەڕووی گرژی دەبێتەوە، لە تاران پێشانگەیەکی تایبەت بە بەرهەمی هاوچەرخی هونەرمەندانی رۆژئاوایی کرایەوە، تێیدا بەرهەمی پابلۆ پیکاسۆ و ئاندی وارهۆڵ خرانەڕوو.