رووداو دیجیتاڵ
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری به ئاماده‌بوونی د. دانه‌ر مسته‌فا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رووسیا، رۆژی دووشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2023 سه‌ردانی په‌یمانگه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسی رووسیای كرد و له نزیكه‌وه به‌شی كوردی په‌یمانگه‌كه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه.
له میانی سه‌ردانه‌كه‌دا، شاندی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن هه‌ریه‌ك له ئەلێکبێرۆڤ ئەلیکبێر کەڵابیکۆڤیچ، سەرۆکی ئەنیستیوتی رۆژهەڵاتناسی، کیڕیڵ ڤێرتیایێڤ، سەرۆکی سێکتەری کوردناسی و ڵانە مەجیدۆڤنە رەڤەندای فەدایی، سەرۆکی سەنتەری کولتووری رۆژهەڵات لە پەیمانگەکە.
دواتر سەردانی ڤیتاڵی ناومیکین، کەسایەتی ئەکادیمی و رۆژهەڵاتناسی ناسراوی رووسیا و جیهان و سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوە زانستییەکانی پەیمانگەکەی کرد و یەکێک لە نوێترین چاپکراوەکانی پەیمانگاکەی بەخشییە وەزیری رۆشنبیری و لاوان. لە دیدارەکەدا جێگری موفتی موسوڵمانانی رووسیا ئامادەبوو.
له دیدارەكەدا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، سه‌ردانی هه‌ر شاندێكی كوردی بۆ مۆسكۆ، ئه‌گه‌ر وێستگه‌یه‌كی سه‌ردانه‌كه په‌یمانگه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسیی نه‌بێت، واته كه‌موكوڕییه‌ك له سه‌ردانه‌كه‌دا هه‌بووه.
گوتیشی: وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به چاوی رێز و پێزانینه‌وه ده‌ڕوانینه خزمه‌تكردنی ئه‌رشیڤ و كولتوور و فه‌رهه‌نگ و مێژووی كورد و كوردستان له لایه‌ن ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌وه و هه‌وڵه‌كانی بۆ ساخكردنه‌وه‌ی بەڵگەنامەکان و تۆماركردنی مێژووی فه‌رهه‌نگ و كولتووری كورد جێی شانازین و هه‌وڵەکانی كوردناسی ناودار لازاریڤ و کوردناسانی دیکەی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی بەرز دەنرخێنین کە خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به لایه‌نه جیاجیاكانی ژیانی كولتووری و فه‌رهه‌نگی و مێژوویی كورد کردووە.
سه‌رۆكی په‌یمانگه‌كه وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان رایگه‌یاند، په‌یمانگه‌كه به شانازییه‌وه میوانداری كورد ده‌كات و ئەوان له رابردوودا پڕۆژه‌ی ناوازه‌یان له بواری رۆشنبیری و كولتووری كوردی ئه‌نجامداوه.
گوتیشی: چاوه‌ڕوانیمان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه له پڕۆژه‌كانی داهاتووماندا بۆ خزمه‌تی رابردووی ئه‌ده‌ب و مێژوو و كولتووری كوردی هاوكارمان بن، به تایبه‌تی له بواری پشكنین و لێكۆڵینه‌وه شوێنه‌وارییه‌كاندا.
هه‌روه‌ها سوپاسی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان لە رووسیا كرد، له به‌رامبه‌ر بەیەکەوە کارکردن و هاوکارییەکانی بۆ بەشی کوردناسی و دروستکردنی کتێبخانەی ئەلێکترۆنی بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوە نووسراوەکانلەبارەی کورد و کوردستان.
وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌ڵێنی دا، له داهاتوودا هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ توێژه‌رانی په‌یمانگه‌كه بكرێت و هه‌ماهه‌نگی زیاتر بكرێت بۆ پێشخستنی لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كانی په‌یمانگه‌كه بەتایبەت لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان بەڵێنی پێدان لەچاپکردنی کتێب لەبارەی کولتووری کوردی هاوکاری پەیمانگەکە بێت و پرۆژەی هاوبەشی وەرگێڕانیش بۆ زمانی رووسی لە پێشینەی هاوکارییەکانی وەزارەت دەبن.
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌دا، شاندی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان هۆڵه‌كانی تایبه‌ت به به‌شی كوردی په‌یمانگه‌كه و سەنتەری کولتووری رۆژهەڵاتی به‌سه‌ر كرده‌وه و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ستافی به‌ڕێوەبه‌ری به‌شه‌كه خواست، كه توانیویانه له ڕابردوودا خزمه‌تێكی به‌هادار پێشكه‌ش بكه‌ن.
شاندی وەزارەت سەردانی خانەی دەستنووسە کۆنەکان و هۆڵی پێشانگەی بەردەوامی شێوەکاری کرد، بڕیاردرا تابلۆی هەندێک لە شێوەکارانی کوردستان بەدیاری بدرێنە ئەو گەلەریە.
لەکۆتایی سەردانەکەدا، حەمەی حەمەسەعید دیاری بەخشییە سەرۆک و ئەندامانی پەیمانگاکە، هەریەک لە ئازا حەسیب قەرەداغی و نامیق هەورامی، ژمارەیەک کتێبی خۆیان بەخشییە پەیمانگەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ