تۆم کروز هۆڵیوود جێدێڵێت

رووداو- هەولێر

توم کروز، ئەستێرەی بەناوبانگی هۆڵیوود، هێرش دەکاتە سەر هۆڵیوود و رایدەگەیێنێت "هۆڵیوود ناوێکی بێناوەڕۆکە"،  بۆیە خانووەکەی دەفرۆشرێت و دەچێتە شاری فلۆریدا.

شاری هۆڵیوود کە بەشاری جوانی و سیحر و بەرهەمهێنانی سینەمای جیهانی ناسراوە، دەکەوێتە بەر رەخنە و گلەیی و گازاندەی یەکێک لە بەناوبانگترین ئەکتەرە سینەماییەکانی کە، توم کروزە، ئەو تەنیا وازی لە هۆڵیوود نەهێناوە، بەڵکو ڤێلا گەورەکەشی لەم شارەدا فرۆشتووە. 

لەمباریەوە گۆڤاری یو ئێس ویکلی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تۆم کروز بڵاویکردووەتەوە " کروز لە شاری بێڤرلی هیڵز ڤێلاکەی بە 12 ملیۆن دۆلار فرۆشتووە و ئێستا لە فلۆریدا لە نزیک سەنتەری ساێنتۆلۆژی کە کروز باوەڕێکی زۆری بەم مەزهەبە هەیە، جێگیربووە".

هەمان سەرچاوەش ئەوەشی خستەڕوو، کروز بە یەکجاری هۆڵیوودی جێهێشتووە و ئاماژەشی بەوە کردووە، دانیشتوانی هۆڵیوود و شاری بێڤرلی هیڵز خۆبەزلزانن و کەسایەتی ساختەیان هەیە.

توم کروز لە ساڵی 1962 لە نیویۆرک لە ئەمریکادا لە دایکبووە، سەرەتا هەموو ئاواتی ئەوە بوو ببێتە پاڵەوانی زۆرانبازی و بۆکسێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی تووشی پێکان لە مللی دەبێت، واز لەو خەونەی دەهێنێت و روودەکاتە نواندن، لە ساڵی 1981 سەرەتای کاری هونەری ئەو دەبێت، هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە 18 ساڵ کە چووە نێو بواری سینەما و ناوبانگێکی زۆر بەدەستدێنێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار و سێ جاریش خەڵاتی گۆڵدن گلۆبی وەرگرتووە.