داوا دەکرێت لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە 'Squid Game' بەشدار بێت

رووداو دیجیتاڵ

هاوانگ دۆنگ هیۆک، دەرهێنەری زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، داوای لە لیۆناردۆ دیکاپریۆ، ئەکتەری ئەمریکی کردووە، لە وەرزی دووەمی زنجیرەکە بەشدار بێت.
 
هیۆک تەمەن 51 ساڵ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سیۆلی کۆریای باشوور، ئەو داوایەی ئاڕاستەی دیکاپریۆ کردووە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو ئەستێرە هۆلیوودییە، یەکێک لە دیارترین کەسە سەرسامەکانە بە زنجیرەکە.
 
ئەو دەرهێنەرە کۆرییە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وێنەگرتنی وەرزی دووەمی زنجیرەکە لە 2023 دەستپێدەکات و لە 2024 لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاودەکرێتەوە و ئەمجارە بوودجەی زیاتری بۆ بەرهەمهێنانی تەرخانکراوە.
 
'Squid Gme' درامایەکی کۆرییە و باس لە چەند کەسێک دەکات کە بە هۆکاری جیاواز لە ژیاندا سەرکەوتوو نابن، دواتر پێشنیازیان بۆ دەکرێت لە یاریی مانەوە لە ژیاندا بکەن، براوەکەی 38 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەدەست دێنێت. 
 
بیرۆکەی یارییەکە لە 'Squid Game' وەرگیراوە کە لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن منداڵانەوە لە کۆریا کراوە.
 
ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە ناوبانگییەکی زۆری لە جیهاندا بەدەستهێنا و چەندین ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و بەم دواییە خەڵاتی ئێمی بەدەستهێنا.
 
لیۆناردۆ دیکاپریۆ، یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی هۆلیوود و جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر، تاوەکو 2019، داهاتی فیلمەکانی گەیشتە حەوت ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هەشت جار ناوی لە ریزبەندی یەکەمی لیستی ساڵانەی ئەو ئەکتەرانەدا هاتووە کە زۆرترین کرێیان لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە فیلمدا وەرگرتووە.