کتێبێک بە زمانی کوردی بەناوی "چەنگی سۆمەری" لەبارەی کازم ساهیر بڵاودەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

"چەنگی سۆمەری" کتێبێکە لەبارەی کازم ساهیر، هونەرمەندی گۆرانیبێژی عێراقی بە زمانی کوردی و بەم دواییە چاپ و بڵاوکرایەوە، لە ئامادەکردنی ئاکام بایزە کە بە "ئاکام ساهیر" ناسراوە.
 
ئاکام بایز بە رووداوی راگەیاند، نۆ ساڵ کاری لەسەر ئەو بەرهەمە کردووە و لە دوو بەرگدا و لە (1011) لاپەڕەی قەبارە گەورەدا بە سپۆنسەری ئاسیا سیڵ چاپ و بڵاویکردووەتەوە.
 
لەبارەی ناوی کتێبەکە گوتی، "سەرەتا چەند ناوێکم بۆ کتێبەکە دیاریکردبوو، بەڵام دواتر ناوی چەنگی سۆمەریم بۆ هەڵبژارد، چونکە ناوەکە لەئاست ئەو هونەرمەندەیە و چەنگ بە کۆنترین ئامێری میوزیکی دەناسرێت".
 
ئاکام بایز ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ کتێبەکەی ژمارەیەک هونەرمەندی کوردی لە زاخۆ تاوەکو خانەقین لەبارەی ساهیر دواندووە و بەنیازە لە ئایندەدا بە زمانی عەرەبی بڵاویبکاتەوە. روونیشیکردەوە، لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا چەندین کتێب و ئەرشیڤی ساهیری کۆکردووەتەوە، بۆیە بیرۆکەی ئەوەی لەلا گەڵاڵە بوو، کتێبێک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە بە زمانی کوردی ئامادە بکات.
 
ئەوەشی خستەڕوو، داوای لە کۆمپانیای ئاسیا سێڵ کردووە کتێبەکە بە دەستی کازم ساهیر بگەیێنێت، چونکە پەیوەندییان هەیە لەگەڵی و هەر خۆشیان سپۆنسەری کتێبەکەن.
 
کتێبەکە هەزار دانەی چاپکراوە و بەکر عەبدوڵڵا کاری دیزاینی بۆ کردووە و ئێستا لە کتێبفرۆشەکانی باشووری کوردستان دەستدەکەوێت.