هاوژینی مهزههری خالقی كۆچی دواییكرد
رووداو - سلێمانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 17-9-2019 هاوژینی هونەرمەندی نێوداری کورد مەزهەری خالقی لە وڵاتی بەریتانیا کۆچی دواییکرد.
رێژەن حەسەن، بەرپرسی ئەرشیفی دەنگ و رەنگ لە ئینیستیتووتی کەلەپووری کورد هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاسکردەوە.
خاتو رێسان، خوشکی نووسەر و رۆماننووسی کورد خاتوو گەلاوێژە کە هاوسەری نووسەر و رۆماننووس ئیبراهیم ئەحمەدە.
مەزهەری خالقی بەرپرسی ئینستیتیوتی كەلەپووری كوردە لە شاری سلێمانی کە لە بوارەكانی هونەر، ئەدەبیات و فۆلكلۆر چالاكی دەكات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار میلۆدی کۆکردووەتەوە و زیاتر لە 300 کتێبی بە کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپکردووە و بڵاوبووەتەوە.
مەزهەری خالقی ساڵی 1939 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە زانكۆی تاران بەشی فیزیای تەواو كردووە و دواتر چووەتە رێكخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حكومەتی ئێران. بۆ ماوەیەكیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی سنە و كرماشان بووە.
دوای شۆڕشی ئێران لە 1979، چەند ساڵێک دواتر و لە ساڵی 1984 خالقی نیشتمانیی دایكی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەك لە هەندەران ژیاوە و دواتریش گەڕاوەتەوە باشووری كوردستان.