کۆمپانیای ئێمپایەر: 'شاردنەوەی سەدام حوسێن' گەورەترین بەڵگەفیلمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە


رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە سینەماکانی حەوت وڵاتی عەرەبی، زیاتر لە 150 هەزار بینەری هەبووە و لە سینەماکانی کوردستانیش رۆژ بە رۆژ ژمارەی بینەرانی لە هەڵكشاندایە، کۆمپانیای ئێمپایەر دەڵێت، "شاردنەوەی سەدام حوسێن" گەورەترین بەڵگەفیلمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
 
پاسکاڵ رەحمە، بەرپرسی بڵاوکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا - نووسینگەی سعودیە لە کۆمپانیای ئێمپایەر، میوانی هەواڵەکانی کاژێر 14:00ـی هەینی 16ـی ئابی 2024 بوو و محەممەد عزەدین، پێشکێشکاری رووداو لەبارەی پێشوازی بینەران و داهاتی فیلمەکە گفتوگۆی لەگەڵدا کرد، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێشبینی ئەوەیان نەکردبوو بەم شێوەیە پێشوازی لە فیلمەکە بکرێت و خەڵک زۆر بە باشی باسی دەکەن.
 
لەبارەی فیلمەکە گوتیشی، گەورەترین بەڵگەفیلمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لە دوای بەڵگەفیلمەکەی مایکل جاکسن، "شاردنەوەی سەدام حوسێن" فیلمێکی زۆر نایابە، وەک فیلمێکی هۆلیوودە و پێشوازیکردنی خەڵک لەم بەرهەمە،زۆر زیاترە لەوەی کە پێشبینی کرابوو.
 
روونیشیکردەوە، بەهیچ جۆرێک پێشبینی ئەو داهاتە زۆرەیان بۆ فیملەکە نەکردبوو، پێشبینی ئەوەیان کردبوو 100 بۆ 150 هەزار دۆلار داهاتی بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا داهاتی گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، واتە دە هێندەی داهاتی پێشبینیکراویەتی. گوتیشی، پێشبینی دەکرێت داهاتی زۆر زیاتر بێت، بەتایبەتیش لە ئیمارات کە پێشوازییەکی بەرچاوی لێکراوە.
 
پاسکاڵ رەحمە، ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت بەبازاڕکردنی زیاتر بۆ فیلمەکە بکەن، نەوەک تەنیا عەرەب بیبینێت، بەڵکو ئامانجیانە خەڵکی دیکەی جیهان بینەری بن، چونکە فیلمەکە سیاسی نییە و باس لە جووتیارێک دەکات کە لەگەڵ سەدام حوسێن چیکردووە و چۆن پێشوازی لێکردووە؟
 
لەبارەی کاردانەوەی بینەران بۆ فیلمەکە، گوتی، کاردانەوەی بینەرانیان لە دوای بینینی فیلمەکە وەرگرتووە، ئەوەش یارمەتیان دەدات کە چۆن فیلمەکە زیاتر بڵاوبکەنەوە. ئەوەشی ئاشکراکرد، لیژنەیەکی تایبەتمەند لە کوەیت دووجار سەیری فیلمەکەیان کردووە، دوایین بڕیاریان ئەوەبووە کە فیلمەکە لە وڵاتەکەیان پێشان نادەن.
 
فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای ئێمپایەر لە سینەمای حەوت وڵاتی عەرەبی بڵاودەکرێتەوە و لە ماوەی کەمتر لە چوار هەفتەدا، زیاتر لە 150 هەزار بلیتی فرۆشراوە و داهاتی لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار نزیکبووەتەوە، زۆترینی لە سینەماکانی ئیمارات بووە.
 
پێشاندانی فیلمەکە جگە لە سینەماکانی باشووری کوردستان، لە سینەماکانی ئیمارات، قەتەر، سعودیە، بەحرێن و عەممان بەردەوامە، پێشتریش لە سینەماکانی ئوردن، تونس و مەغریب پێشاندراوە.
 
لە هەفتەی سێیەمی پێشاندانی فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە سینەماکانی باشووری کوردستان، ژمارەی بینەران بە بەراورد لەگەڵ دوو هەفتەی رابردوودا، زیادی کردووە.
 
داهاتی فیلمەکە لە ماوەی سێ هەفتەدا لە ئێمپایەر سینەما لە هەولێر، ستی سینەما لە سلێمانی و سینەمای دهۆک مۆڵ لە دهۆک، زیاتر لە 231 ملیۆن دینارە و زیاتر لە 20 هەزار و 300 بلیت فرۆشراوە.
 
ئێدفا، ناوێکی درەوشاوەی جیهانی سینەما و بەڵگەفیلمە و یەکێک لە سێ گرنگترین فێستیڤاڵەکانی تایبەت بە بەڵگەفیلمە لە جیهاندا، یەکەم پێشاندانی ئەم بەرهەمە لە چوارچێوەی ئەو فێستیڤاڵەدا بوو.
 
لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە لە بەشی "فرۆنت لایت" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام – ئێدفا لە 13ـی تشرینی دووەمی 2023، هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلم، ئامادە بوو. 
 
یەکەم پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بوو لە جەدەی سعودییە و دوو پێشاندانی لە 1 و 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 بۆ کرا. 
 
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
 
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج بەرهەمی هێناوە.