فیلمە نوێیەکەی هیشام زەمان بەربژێری خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی تۆرێنتۆیە

رووداو دیجیتاڵ

فیلمى سینەمایى 'A Happy Day' یاخود 'رۆژێكى خۆش' لە دەرهێنانی هیشام زەمان، دەرهێنەری کوردە، بە نوێنەرایەتى وڵاتی نەرویژ لە فێستیڤاڵى نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ بەشدار دەبێت و بەربژێری خەڵاتی باشترین فیلمە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بەرهەمهێنەری فیلمەکە کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، 'رۆژێكى خۆش' لە ناوچە بەفرینەكانى باكوورى نەرویژ وێنەگیراوە، باس لە سێ نەوجوان دەكات كە بڕیارى دیپۆرتكردنیان دەرچووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیدایە، لە كەمپێكى دوورە دەستى ئەو وڵاتە نیشتەجێ دەكرێن، تاوەکو تەمەنیان دەبێتە 18 ساڵ و دواتر بنێردرێنەوە وڵاتەکەیان، ئەو سێ نەوجوانە بڕیار دەدەن پێكەوە كاربكەن بۆ ئەوەى لەو كەمپە هەڵبێن، بەڵام پاش ئەوەى هەرسێكیان دەكەونە داوى عەشقى كچێكى قژكاڵ هەموو پلانەكانیان شكست دەهێنێت.
 
هیشام زەمان یەكێكە لە دەرهێنەرە ناسراوەکانی کوردە و لەسەر ئاستی  نەرویژ ناوبانگی هەیە، بەرهەمەکانی بەوە دەناسرێنەوە کە پێچەوانەى سینەمای باوى ئەوروپایە و دیوێكى نەبینراوى ئەوروپا دەخاتەڕوو، پرسی گرنگ و هەستیارى جیهانى دەورۆژێنێت، بە تایبەت مژاری كۆچ، سنوور و ناسنامە. 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتوو، ئەمجارەش ئەو دەرهێنەرە کوردە، لە رێگەى كارەكتەرى ئاڵۆز و كۆمیدیاى رەشەوە دۆزێكى مشتومڕئامێز لە نێو سیاسەتی پەنابەرانی ئەوروپا دەورۆژێنێت كە بە دەگمەن لە نێو سینەمای باوى رۆژئاودا دەبینرێت.
 
فێستیڤاڵى نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ، بە یەكێك لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان دەناسرێت، خولی ئەمساڵی 7ـی ئەیلوولی 2023 لە شاری تۆرێنۆی کەنەدا دەستپێدەکات.