خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کاڕلۆڤی ڤاری دابەشکران

رووداو دیجیتاڵ

براوەی خەڵاتەکانی به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین" و به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما" له 58ـەمین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی کاڕلۆڤی ڤاری له چیک دیاریکران. 
 
ڕێوڕه‌سمی کۆتایی فێستیڤاڵەکە له یەکێک لە هوتێلەکانی شاری کاڕلۆڤی ڤاری به‌ڕێوه‌چوو و خەڵاتەکان دابەشکران.
 
به‌ڵگه فیلمی "روانینێکی له‌ناکاو به‌ شته قووڵه‌کان" له ده‌رهێنانی مارک کازین فیلمسازی سکۆتله‌ندی ـ ئیرله‌ندی، خه‌ڵاتی گه‌وره گۆی بلوورینی باشترین فیلم و بڕی پاره‌ی 25 هه‌زار دولاری به‌ده‌ستهێنا. 
 
فیلمی سینه‌مایی "ئه‌ویندارییه‌تی" له ده‌رهێنانی لیلیا ئینگۆلفسدۆتیر و به‌رهه‌می نەرویج، خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران و بڕیی پاره‌ی 15 هه‌زار دولاری پێبه‌خشرا. 
 
خه‌ڵاتی باشترین دەرهێنەر، به نێلیسیا لۆو بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی "کونکردن" به‌رهه‌می هاوبه‌شی سه‌نگاپوور، تایوان و پۆڵه‌ندا پێشکێ‌شکرا.
 
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن به هێلگا گۆرێن بۆ رۆڵگێڕان له فیلمی "ئه‌ویندارییه‌تی" به‌رهه‌می نەرویج به‌خشرا. 
 
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو، به شێوه‌ی هاوبه‌ش به تون کاس و گۆویدۆ پۆلێماس بۆ ڕۆڵگێڕان له فیلمی "سێ ڕۆژیی ماسی" به‌رهه‌می هاوبه‌شی هۆڵه‌ندا و به‌لجیکا پێشکێشکرا.
 
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین"، رێزلێنانی تایبەتییان پێشکێش بە فیلمی "که‌وڵکردنی به‌رازه خۆشه‌ویسته‌که‌ی ئێمه" له ده‌رهێنانی ئادام ماڕتینک به‌رهه‌می چیک، هه‌روه‌ها فیلمی "خوفتێکس" له ده‌رهێنانی نواز دێشه به‌رهه‌می هاوبه‌شی ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕ‌ه‌نسا کرد.
 
خه‌ڵاتی بینه‌رانی "پڕاڤۆ" له‌م رووداوه هونه‌رییه به فیلمی "شه‌پۆله‌کان" له ده‌رهێنانی جیرێی مێدڵ به‌رهه‌می هاوبه‌شی چیک و سلۆڤانیا بەخشرا. 
 
خه‌ڵاتی گه‌وره و بڕیی پاره‌ی 15 هه‌زار دولاریی به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما" به فیلمی "نامۆ" له ده‌رهێنانی ژێنگفان یانگ به‌رهه‌می هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریکا، چین، هۆڵه‌ندا، نەرویج و فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا. 
 
خه‌ڵاتی  تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران و بڕیی پاره‌ی 10 هه‌زار دولاری ئه‌م به‌شه‌ به به‌ڵگه‌فیلمی "شه‌و داهات" له ده‌رهێنانی پاولۆ تیزۆن به‌رهه‌می هاوبه‌شی پیرۆ، ئیسپانیا و مەکسیک، هه‌روه‌ها فیلمی "ئادار تا ئایار" له ده‌رهێنانی مارتین پاوڵ رێپکا" به‌رهه‌می چیک گه‌یشت. 
 
له درێژه‌ی رێوڕه‌سمه‌کەدا، خه‌ڵاتی "سه‌رۆکی فێستیڤاڵ" له لایه‌ن جیری بارتۆشکا به‌رپرسی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی کاڕلۆڤی ڤاری، پێشکێش بە به ئێڤان ترۆجان، ئه‌کته‌ری ناسراوی چیک و کڵایۆ ئۆێن، ئه‌کته‌ری به‌ریتانی کرا.
 
له ڕێوڕه‌سمی کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا فیلمی "سێو" له ده‌رهێنانی کریستۆس نیکوو، له به‌رهه‌مهێنانی کێت بلانچێت و به بە رۆڵگێڕانی جێسی بۆکلێی و ریز ئه‌حمه‌د پێشاندرا.