سەهیم عومەر خەلیفە بەدوای پاڵەوانێکدا دەگەڕێت

رووداو - هەولێر

سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، بۆ فیلمە نوێیەکەی بەداوی پاڵەوانێکدا دەگەڕێت، پاڵەوانەکە دەبێت منداڵ بێت و خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت.


سەهیم عومەر خەلیفە، بە رووداوی راگەیاند، لە دوای تەرخانکردنی بودجە بۆ فیلمە نوێیەکەی بۆ ئەوەی کورتەفیلمی "میسیی بەغدا" وەک فیلمێکی سینەمایی درێژ بەرهەمبێنێت، ئێستا بەداوی پاڵەوانێک بۆ فیلمەکەی دەگەڕێت.

روونیشیکردوە، بۆ گێڕانی رۆڵی کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە، دەبێت تەمەنی ئەو کەسەی رۆڵەکە دەگێڕێت، لە نێوان 9 بۆ 12 ساڵ بێت و زمانی عەرەبی بە باشی بزانێت و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت کە تەنها یەک قاچی هەبێت.

"میسیی بەغدا" کورتەفیلمێکی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیە، لە دوای وەرگرتنی 60 خەڵاتی جیهانی، بڕیارە وەک فیلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمبێت، بودجەی بەرهەمهێنانی لەلایەن بەلجیکاوە دابینکراوە.

ئەم بەرهەمە لە ساڵی 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا و یەکێک لە 10 کورتەفیلمەکانی کورتەلیستی فیلمە کاندیدکراوەکان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم.

فیلمەکە بووە هۆکار کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە چاوی بە لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن بکەوێت و دەزگایەکی بەریتانی هاوکاریی ماددی بۆ کۆکردەوە و لە ئێرانیش قاچێکی دەستکردی بۆ دروستکرا.

لە ساڵی 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیکا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی "میسیی بەغدا" بۆ فیلمێکی درێژ تەرخانکرد و بەم دواییە بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی تەرخانکرد کە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەکات.

دەرهێنەری فیلم لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنانی ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەکەن و بڕیارە لە دەستپێکی هاوینی ئەمساڵدا، لە بەلجیکاوە سەردانی باشووری کوردستان بکەن، بۆ دیاریکردنی لۆکەیشن و بەشێک لە ستافی فیلم و ئەکتەرەکان.

بڕیارە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە دەستپێکی 2020 دەستپێبکات و سیناریۆی کورتەفیلمەکە درێژکراوەتەوە و ئەکتەری نوێ رۆڵی تێدا دەگێڕن.

"میسیی بەغدا" باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.