مایکڵ دۆگلاس بۆ فێستیڤاڵی فیلمی کان: تەمەنم لە فێستیڤاڵەکە گەورەترە
رووداو دیجیتاڵ
لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، خەڵاتی شانازیی چڵەخورمای زێڕین بە مایکڵ دۆگلاس، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند: "تەمەن تەنانەت لە فێستیڤاڵەکەش گەورەترە".
دۆگلاس، یەکێک لە رووخسارە دیارەکانی سینەمای هۆلیوودە و ناوبانگییەکی زۆری هەیە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، لە ئەمریکاوە بەرەو فەرەنسا فڕی و وەک میوانێکی جیاواز پێشوازی لێکرا، لەسەر فەرشی سوور، چاوی فۆتۆگرافەر و کامێرامانەکانی لەسەر بوو و ئێوارەی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 خەڵاتەکەی پێشکێشکرا.
پێشتر ژمارەیەک ناوی درەوشاوەی سینەمای جیهان؛ خەڵاتی شانازیی چڵەخورمای زێڕێنیان پێبەخشراوە، لەوانەش جۆن پیێر لێیۆ و جودی فۆستەر.
خەڵاتەکە رێزلێنانە لە تەمەنێک چالاکی هونەریی ئەو ئەکتەرە تەمەن 78 ساڵە کە لەگەڵ کاترین زیتا جۆنزی هاوژینی و کچەکەی کاریس ئامادەبوو.
مایکڵ دۆگلاس، لە 25ـی ئەیلوولی 1944 لە ئەمریکا لە دایکبووە و بە رەچەڵەک رووسییە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەماییە، براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکارە وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، خەڵاتی یەکەمی لە 1987 لە رێگەی فیلمی 'Wall Street' بەدەستهێنا، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بۆ هەمان رۆڵ وەرگرتووە و براوەی چوار خەڵاتی دیکەی گۆڵدن گڵۆبە.
'Black Rain'، 'The War of the Roses'، 'Solitary Man' و 'Traffic and Wonder Boys'لە فیلمەکانی ئەو ئەکتەرەن، هەروەها لە زنجیرەی 'The Kominsky Method' رۆڵی گێڕاوە کە لە 2018 لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ کە ئێوارەی دوێنی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 لە شاری کانی کەناری دەریایی فەرەنسا دەستیپێکرد، تاوەکو 27ـی ئایار بەردەوام دەبن، یەکێک لە میوانە دیارەکانی هاریسن فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی و جیهانییە، ئەمساڵ بە فیلمی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' بەشدارە کە بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones'یە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.