پۆستەری نوێی فیلمی 'Jeanne du Barry' لە فێستیڤاڵی کان بڵاوکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

'Jeanne du Barry' وەک فیلمی دەستپێکی 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و بەبۆنەی پێشاندانی لە فێستیڤاڵەکەدا، پۆستەرێکی نوێی بڵاوکرایەوە و جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی، رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە دەرهێنانی ماوین، خانمە دەرهێنەری فەرەنسییە و ئێوارەی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندرا، پێشبینی دەکرێت باس و خواسی زۆر بەدوای خۆیدا بێنێت، چونکە بەم دواییە رۆژنامەڤانێک سکاڵای لە دژی ئەو دەرهێنەرە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەری لە چێشتخانەیەک لەسەر تۆمارکردووە.
 
ماوین جگە لە کاری دەرهێنەری، وەک ئەکتەریش لە فیلمی 'Jeanne du Barry' لە بەرامبەر جۆنی دێپ رۆڵ دەگێڕێت، هەروەها بەم دواییە ئاشکرا کرا کە ئال پاچینۆ، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی تێدا دەگێڕێت.
 
ماوین، لەم بەرهەمەدا رۆڵی کچە و دڵخواز و خۆشەویستەکەی شا لویسی پازدەیەم دەگێڕێت، دێپیش رۆڵی ئەو شایە دەگێڕێت. 
 

دەرکەوتنی جۆنی دێپ لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی کان جێی بایەخبوو، چونکە یەکەم بەرهەمیەتی لە دوای کێشەی لەگەڵ ئێمبەر هێرد، ئەکتەر و هاوژینی پێشووی کە بە تووندووتیژی خێزانی تۆمەتباریکردبوو و بەهۆیەوە ئەو ئەکتەرە لە تەواوی پڕۆژە سینەماییەکان دوورخرایەوە و دەرفەتی کاری پێ نەدەدرا، بەڵام دواتر دادگە پێچەوانەی تۆمەتەکان، دێپی بێ تاوان ناساند و بڕیاردرا هێرد بە 10 ملیۆن دۆلار قەرەبووی دێپ بکاتەوە. 
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ کە ئێوارەی دوێنی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 لە شاری کانی کەناری دەریایی فەرەنسا دەستیپێکرد، تاوەکو 27ـی ئایار بەردەوام دەبن، یەکێک لە میوانە دیارەکانی هاریسن فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی و جیهانییە، ئەمساڵ بە فیلمی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' بەشدارە کە بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones'یە.
 
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
 
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.