دوای پەنجا ساڵ 'La Maman et la Putain' لە فیستیڤاڵی فیلمی کان پێشاندەدرێت

17-05-2022
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جگە لە پێشاندانی فیلمی نوێیەکان لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، بەشێک لە فیلمە کلاسیکییەکانی جیهانیش پێشاندەدرێن.
 
لە خولی ئەمساڵدا فیلمی سینەمایی 'La Maman et la Putain' لە فیستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێت کە بەر لە 50 ساڵ وێنەگیراوە و کۆپی (4K) ئامادەکراوە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە فەرەنسییە کە بەناوە ئینگلیزییەکەیشی 'The Mother and the Whore' دەناسرێت، لە 1973 بەرهەمهاتووە و لە دەرهێنانی جان ئۆستاکە و باس لە پەیوەندی خۆشەویستی سێ کەس لە پاریس لە هاوینی 1972ـدا دەکات.
 
بە نمایشکردنی فیلمی کۆمێدی 'Final Cut' چالاکییەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، لە شاری کانی باشووری فەرەنسا دەستپێدەکات و ژمارەیەک لە فیلمسازانی جیهان تێیدا ئامادە دەبن.
 
فیستیڤاڵەکە ئەمڕۆ سێشەممە 17-5-2022 دەستپێدەکات و بڕیارە تاوەکو 28 ئەم مانگە بەردەوام بێت و 21 فیلم لە بەشی کێبڕکێدا بەشدارن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵ دەکەن.
 
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم کان لە 2020 و سازکردنی لە ساڵی دواتر، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ 75مین خولی بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە دەچێت.
 
'Final Cut' فیلمێکی فەرەنسییە و لە دەرهێنانی میشێل هازێناڤیسیۆسە و بە بودجەیەکی کەم بەرهەمهاتووە و لە جۆری بەرهەمە کۆمێدییەکانە و لە دەرەوەی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵ پێشاندا.
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژمارەیەک فیلمساز دەکات کە سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمێکن لەبارەی زۆمبییەکان، بەڵام لە کاتی وێنەگرتندا، زۆمبی راستەقینەیان لێ پەیدا دەبێت و هێرشیان دەکرێتە سەر.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە کۆپی فەرەنسی فیلمی ژاپۆنی 'One cut of the dead'یە و پێشتر بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەی هەبووە.
 
ژمارەی هونەرمەندان و سینەماکارانی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبن، بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردووە، زیاترە.
 
بڕیارە فیلمی بایۆگرافی و میوزیکی 'Elvis' یەکەم پێشاندانی لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا بێت و باز لۆرمان، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ئۆسترالی لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکەی لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە ئامادە دەبن.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە تیشک دەخاتە سەر ژیان و کارە هونەرییەکانی ئێلڤیس پریسلی، گۆرانیبێژی ئەمریکی، تێیدا تۆم هانکس، ئەکتەری ئەمریکی، رۆڵی بەڕێوبەری کارەکانی دەگێڕێت کە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوانیاندا هەبووە.
 
یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵەکەدا نمایشدەکرێت، نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun'ـە کە بەناوی 'Top Gun: Maverick'ـە و بڕیارە بەشێک لە ستافی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵدا تێپەڕن، لەوانە تۆم کروز، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە و دەرهێنەرەکەی جۆزێڤ کەسینسکی.
 
کۆسینسکی، رایگەیاندووە "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
 
هەر لە فیستیڤاڵەکەدا فیلمێکی دیکەی هۆلیوود پێشاندەدرێت، ئەویش فیلمی سینەمایی 'Thee Thousand Years of Longing'یە لە دەرهێنانی جۆرج میلەر و لە رۆڵگێرانی ئیدریس ئێلبا.
 
لە خولی ئەمساڵدا، بەخشینی خەڵاتەکانی فیستیڤاڵ لەسەر سکرینە گەورەکانی فیستیڤاڵ بەشێوەی راستەوخۆ، پەخش ناکرێن، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە پەخشی راستەوخۆی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکان لەو سکرینانە پەخش دەکرا.
 
ڤێنسنت لەندەن، ئەکتەری فەرەنسی، سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکە دەکات و لەم خولەدا پێنج دەرهێنەری ژن لە پێشبڕکێدان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵ کە چڵەبەڕووی زێڕینە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە فیلمی پێنج دەرهێنەری ژن بچنە نێو پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە سینەماییەکاندا.
 
سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە ئاشکرایان کردووە، لە خولی ئەمساڵدا بەکارهێنانی دەمامک ناچاری نابێت و بەڵگەی وەرگرتنی ڤاکسین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کەس داوا ناکرێت.
 
لە 74مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کە لە 2021 بەڕێوەچوو، جگە لە داواکردنی وەرگرتنی ڤاکسین و بەکارهێنانی دەمامک، ماچکردنیش لەسەر فەرشی سوور قەدەخکرابوو.
 
سەبارەت بە بەشداری رووسیا لە فیستیڤاڵەکەدا، ئەو سینەماکارانەی پەیوەندیان بە حکومەتی ئەو وڵاتەوە هەیە، ناتوانن لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار بن، لە بەرامبەردا، چەند فیلمێکی دەرهێنەرە ئۆکراینییەکان پێشاندەدرێن.
 
فیستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
 
کان، بە یەکێک لە سێ فیستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، وب یەکێک لە پێنج گرنگترین فیستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
 
فیستیڤاڵەکە چەندین بەش لەخۆدەگرێت، لەوانە بەشی پێشبڕکێ و هەفتەی رەخنەگران و چەندین خەڵاتیش دەبەخشێتە فیلم و فیلمسازان، خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵیش چڵەخورمای زێڕینە.
 
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یەڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
 
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'سرتە لەگەڵ با' لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فیستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پێشانگەی یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی لە هەولێر

خۆشنووسێکی کورد تابلۆکانی بە ئەڵماس و زێڕ دەنەخشێنێت

خۆشنووس یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی، لە پێشانگەیەکی خۆشنووسیدا، تابلۆکانی بە ئەڵماس، زێڕ و زیو دەنەخشێنێت و دەیەوێت پێشانگەکە بباتە وڵاتانی کەنداو.