لە مووش کۆنسێرتێکی کوردی هەڵوەشێنرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری پارێزگای مووش لە باکووری کوردستان، سازدانی کۆنسێرتێکی گۆرانی کوردی هەڵوەشێنرایەوە، ئەمە دووەمین کۆنسێرتی کوردییە، کە لە ماوەی 48 کاژێردا لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵدەوەشێنرێنەوە.
ماوەی چەند هەفتەیەکە گرووپی میوزیکی "مەتین-کەمال کاهرەمان کاردەشلەر" ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەوەی کاژێر 20:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئایاری 2022 لە شاری موش کۆنسێرتێکی گۆرانی کوردی سازبدەن.
گرووپی میوزیکی "مەتین-کەمال کاهرەمان کاردەشلەر" ئێوارەی دووشەممە 16ی ئایاری 2022 راگەیێنراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، چەندین هەفتە بەر لە ئێستا بۆ وەرگرتنی مۆڵەت داواکاریمان پێشکەش کرد و دەستمان بە ئامادەکارییەکانی کۆنسێرتەکە کرد، رۆژێک بەر لە سازدانی کۆنسێرتەکە و لە کاتێکدا تەنیا نیو کاژێر دەوام مابوو، لە پارێزگای موش لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە زارەکی ئاگاداریان کردینەوە، کە رێگە بە سازدانی کۆنسێرتەکەمان نادەن و رۆژی دواتر لە کاتی دەوامدا نووسراوە فەرمییەکەمان بۆ رەوانە دەکەن.
گرووپی میوزیکی "مەتین-کەمال کاهرەمان کاردەشلەر" دەڵێ، بەهۆی بڕیاری قەدەخەکردنەکەوە نەک تەنیا گرووپەکەمان و رێکخەرانی کۆنسێرتەکە، بەڵکو ئەو کەسانەش کە بلێتی کۆنسێرتەکەیان کڕیوە لە رووی مادی و مەعنەوییەوە زەرەرمەندبوون.
تاوەکو ئێستا پارێزگای موش راگەیێنراوێکی فەرمی لەبارەی رێگەنەدان بە سازدانی کۆنسێرتەکە بڵاونەکردووەتەوە.
گرووپی میوزیکی "مەتین-کەمال کاهرەمان کاردەشلەر" لەلایەن مەتین قارەمان و کەمال قارەمان دامەزرێنراوە، کە دوو بران و لە گوندێکی بچووکی شاخاوی سەربە شارۆچکەی پلەموورییە لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان لەدایکبوونە.
لە ناوەڕاستەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو چوونەتە نێو جیهانی میوزیکەوە. ساڵی 1993 یەکەمین و ساڵی 1995 دووەمین ئەلبوومی گۆرانیان دەرکردووە.
گرووپی میوزیکی "مەتین-کەمال کاهرەمان کاردەشلەر" بە شێوەزاری زازاکی و کرمانجی زمانی کوردی و بە زمانی تورکی گۆرانی دەڵێن.
هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکەی موش لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە 15ی ئایاری 2022 لەلایەن شارەوانیی دەرینجە، لە پارێزگای کۆجائەلی کە لەلایەن ئاکپارتییەوە بەڕێوەدەبرێت، کۆنسێرتی خانمە هونەرمەندی کورد ئاینور دۆغان هەڵوەشێندرایەوە، کە بڕیاربوو رۆژی 20ی ئایار لەو شارۆچکەیە سازبدرێ.
بڕیارەکە کاردانەوەی بەدوادا هات. کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لە شارەوانی ئاکپارتیدا میوزیکی کوردی قەدەخەیە.
وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی جەهەپە، ئاکپارتییەکان ئەو ڤیدیۆیانەی ئەردۆغانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە، کە تێیاندا گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرێت.
ئاینور دۆغان گۆرانیبێژ و هەڵبەستڤانێکی کوردە و لە باکووری کوردستان، تورکیا و جیهانیش ناسراوە؛ ساڵی 1975 لە شارۆچکەی چەمیشگەزەک لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان لەدایکبووە؛ ساڵانی 2004 و 2005 لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەدا کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی تورکیا لە پایتەختی وڵاتانی ئەوروپادا ساز دەدرا، بەشداریکردووە و گۆرانی گوتووە. ساڵی 2021 خەڵاتی هونەرمەندی "پێشانگای نێودەوڵەتی مۆسیقا-وۆمێکس"ـی وەرگرتووە.