رووداو دیجیتاڵ
دیوانی دڵدار، شاعیری کورد کە زیاتر بە هۆنراوەی 'ئەی رەقیب' ناسراوە، لەلایەن وەرگێڕ شیار شەریف بەرازی؛ بە پیتی لاتینی چاپ و بڵاوکرایەوە.
کتێبی 'ئەی رەقیب، دیوانی دڵدار' لە بڵاوکراوەکانی ئاڤێستایە و لە 80 لاپەڕە و بە تیراژی هەزار دانە چاپکراوە و تەواوی بەرهەمە شیعرییەکانی یونس رەئووف، ناسراو بە دڵدار لەخۆدەگرێت.
شیار شەریف بەرازی، لەبارەی ئامادەکردنی ئەم بەرهەمە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەتا بەنیازبوو دیوانی دڵدار لە شێوەزاری سۆرانییەوە بۆ کرمانجی وەربگێڕێت، بەڵام کەمێک دژی ئەوە بووە، چونکە ئەو لەگەڵ وەرگێڕانی شیعر نییە، تەنانەت ئەگەر لە زاراوەیەکەوە بۆ زاراوەیەکی دیکەش بێت، بۆیە بڕیاریدا لە پیتی ئارامییەوە بۆ پیتی لاتینی وەریبگێڕێت. گوتیشی "هیوادارم وەک نەتەوەیەک هەوڵبدەین لە یەکدی تێبگەین و یەکدیمان خۆشبوێت".
دیوانی دڵدار بە سۆرانی لەلایەن رەمەزان حەمەدەمین ئامادەکراوە، سەبارەت بە دڵدار دەڵێت، شاعیری سروودی نیشتمانی 'ئەی رەقیب'؛ دڵدار لە 20ـی شوباتی 1918 لە کۆیە لەدایکبووە، لە 1948 لە شاری هەولێر کۆچی دواییکردووە.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دڵدار لە سەردەمی گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی میتۆدی ئەدەبیدا ژیاوە، لە نێو کورددا ئامادەکارییەک بۆ کلاسیک و رۆمانسیزم و ریالیزم هەبوو، واتە لە دوا قۆناغی کلاسیک و نێوەڕاستی رۆمانسیزم و سەرەتای تیالیزمدا ژیاوە. بۆیە هێڵکاری ئەم شێوازانە بە روونی لە شیعرەکانیدا دەبینرێت. مرۆڤ کاتێک سەیری شیعرەکانی دڵدار دەکات، بە روونی تێکەڵەیەک لەم سێ میتۆدە دەبینێت، بۆیە پێناسەکردنی میتۆدی ئەدەبی شیعرەکانی دڵدار ئاسان نییە. بەشێک لە شیعرەکانی بەتەواوی ریالیتین و لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگەی کوردی ئەو سەردەمەدا هاوڕان. بە پێی ئەو قۆناغەی تێیدا ژیاوە، نموونەی ئەو شاعیرانەیە کە شیعری نوێی کوردییان تاقیکردووەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی نوێبوونەوەی شیعری کوردی، ئەگەر دڵدار یەکێک لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی رۆمانتیزم و ریالیزم نەبێت، یەکێکە لەو نووسەرانەیە کە شیعری کوردی لە رووی سەنگ و تۆن و مانا و وشەیەوە نوێ کردووەتەوە. ئەگەر مرۆڤ دیوان دڵدار بە وردی بخوێنێتەوە، دەبینێت ئایدۆلۆژیاکەی ئایدۆلۆژیایەکی پێشکەوتووی نەتەوەی کوردە. لە شیعرەکانیدا مەبەست و ئامانجی سەرەکی ئاگادارکردنەوەی نەتەوەی کوردە لە دواکەوتوویی و نەزانی و نادادپەروەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ