بەڵگەفیلمێک لەبارەی کیمیابارانی سەردەشت لە زانکۆی سلێمانی پیشان دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی چالاکییەکانی تایبەت بە یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەڵگەفیلمێکی تایبەت بە کیمیابارانی سەردەشت لە زانکۆی سلێمانی پیشان دەدرێت کە لەلایەن دەرهێنەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرهەمهێندراوە.
محەممەد حەمزەپوور، خەڵکی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە دەرهێنەری فیلمەکەیە.
دەرهێنەرەکە بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت بەڵگە فیلمەکەی ناوی ''دوایین کەزی''ـیە و تایبەتە بە کیمیابارانی شاری سەردەشت کە ساڵی 1987 لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە کرا.
محەممەد حەمزەپوور دەڵێ ''بەڵگەفیلمەکە رۆژی کیمیابارانەکە دەگێڕێتەوە و تێیدا باس لە چارەنووسی بەرکەوتووان دەکرێت".
کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە سەردەشت سپۆنسەری بەرهەمهێنانی فیلمەکەیە. ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش کرد ''ئامانج لێی، پیشاندانی کارەساتەکەیە بە رێکخراوە جیهانییەکان و بەشداری لە فێستیڤاڵەکان دا.''
28ـی حوزەیرانی 1987، دەسەڵاتی بەعس بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 110 بۆ 130 کەس شەهیدبوون و هەشت هەزار کەسیش ژەهراوی بوون و کاریگەریی چەکەکەیان لەسەر ماوە.