نەڤید زەردی لە کۆنسێرتەکەی ستۆکهۆڵمەوە سڵاوی بۆ هەولێر نارد


رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەند نەڤید زەردی، لە کۆنسێرتێکی هاوبەشدا لە ستۆکهۆڵمی سوێد، بەبۆنەی چوارشەممە سووری، دوایین چوارشەممەی ساڵی کوردی، لە کۆنسێرتەکەوە سڵاوی بۆ هەولێر نارد.
 
کۆنسێرتەکە رۆژی سێشەممە 15-3-2022 لە پارکی سکانسێنی ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو و نزیکەی حەوت هەزار کەس ئامادەبوون. 
 
ئەو هونەرمەندە کوردە بەر لە پێشکێشکردنی گۆرانی 'شیرینە' گوتی "بەخۆشی هەولێر، چاوی ناحەزانی هەولێر کوێر بێت، سڵاو لە هەولێری پایتەخت".
 
پەیامی زەردی لەبارەی هەولێر، لە دوای هێرشی مووشەکی بەرەبەیانی 13-3-2022 بۆ سەر هەولێر دێت. 
 
جگە لە کورد، فارس، ئەفغانی و بەلووچ، لەگەڵ خەڵکی سوێد و ئەوروپا بینەر و بیسەری گۆرانییەکەی زەردی و پەیامەکەی بوون.
 
لە کۆنسێرتەکەدا، نەڤید زەردی، جگە لە گۆرانی 'شیرینە'، گۆرانی 'بایدە'، 'شەرم مەکە'، 'کوردە' و 'وەرەوە' پێشکێش کرد.
 
نەڤید زەردی لە 26-2-2022 دوو کۆنسێرتی لە یەکە شەودا لە یەکێک لە بەناوبانگترین هۆڵەکانی کۆڵنی ئەڵمانیا بەناوی موزیکاڵ دوم، بۆ هۆگرانی سازکرد.
 
نەڤید زەردی جگە لە گۆرانیگوتن، ئاوازدانەر و تێکستنووسی گۆرانیشە، هەواداری زۆرە و جگە لە کوردستان، کۆنسێرتی لە چەندین وڵات سازکردووە، لە 21-8-2021 لە ڤاڵدیریسی نەرویج کۆنسێرتێکی بۆ هەوادارانی سازکرد.
 
دوایین ڤیدیۆکلیپی نەڤید زەردی، 'شیرینە سەوزە' بوو کە گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردییە و پێشتر لەلایەن چەند گۆرانیبێژێکی کوردەوە گوتراوە، زەردی، بە میوزیک و دابەشکردنێکی نوێ دووبارەی کردووەتەوە و بەشێک لە تێکستەکەشی گۆڕیوە.
 
'شیرینە'ـی زەردی، لە دوا رۆژەکانی 2021 وەک دیارییەکی ساڵی نوێ پێشکێش بە هەوادارانی کرا و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و 261 هەزار بینەری لە کەناڵی تایبەتیی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب هەیە کە 500 هەزار سەبسکرایپی هەیە.
 
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەری ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و 30 گۆرانی تاک و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە و لەرێگەی کۆمپانیا تایبەتەکەی 12 گۆرانیبێژ هەیە و تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی بیانیش داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
 
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی 'ئەیلا' کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند عەبە کاریب، زیاتر لە 23 ملیۆن بینەری هەیە.