لوپیتا نیونگۆ لە ئۆسکار ناوبانگی بەدەستهێنا و لە بەرلینالە ناوی دەچێتە مێژووەوە

17-02-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن لوپیتا نیونگۆ بەرلینالە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لوپیتا نیونگۆ، ئەکتەر و دەرهێنەری کینی - مەکسیکی یەکەم ژنە ئەکتەر و دەرهێنەری رەشپێستە، وەک سەرۆکی لێژنەی دادوەری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین دەستنێشاندەکرێت کە بە بەرلینالە دەناسرێت.
 
چیرۆکی ئەو ئەکتەرە لە نێو سینەمادا بۆ 2008 دەگەڕێتەوە، ئەوکات لە کورتە فیلمی 'East River' رۆڵی گێڕا، دواتریش لە 2009 تاوەکو 2012 لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'Shuga' رۆڵی سەرەکی گێڕا.
 
خەونەکانی لە بواری نواندندا گەورە بوون، بۆیە ماستەری لەو بوارەدا بەدەستهێنا و لە 2013 لە یەکەم فیلمی سینەماییدا رۆڵی گێڕا، ئەویش فیلمی ' 12Years a Slave'ـە بوو و پێشوازییەکی بەرچاوی لەلایەن رەخنەگرانەوە لێکرا، بەهۆیەوە بووە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەر لە رۆڵی لاوەکیدا.
 
ناوبانگی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی ئەو فیلمەوە دەستیپێکرد، ئەمساڵیش لە 74مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری دەستنیشانکرا، بەمەش ناوی دەچێتە نێو مێژووەوە و دەبێتە یەکەم ژنی رەشپێست ئەو پۆستەی لە فێستیڤاڵەکەدا پێبدرێت.
 
رێکخەرانی کۆنسێرتەکە پێشتر رایانگەیاندبوو، لە ماوەی 74 ساڵی رابردوودا، هیچ رەشپێستێک سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکەی نەکردووە.
 
ئەرکی نیونگۆ لەگەڵ دەستەی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ، هەڵبژاردنی فیلم بۆ هەردوو خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەبێت و لە کاتی دەستپێکردنی فێستیڤاڵدا، گوتی: "شانازی بەوە دەکات" بووەتە سەرۆکی لیژنەکە.
 
لە خولی رابردوودا، کریستین ستیوارت، ئەکتەری ئەمریکی، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری بۆ فێستیڤاڵەکە دیاریکرا، ئەمەش گرنگیدانی فێستیڤاڵەکە بۆ ژنان دەخاتەڕوو و لەم چەند ساڵەی دواییدا رەخنەی زۆر لە ناوەند و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی گیرا کە هاوسەنگی لە پێدانی دەرفەتی کار و هاوتایی لە کرێی کارکردن بۆ هەردوو رەگەز لە سینەمادا نەبووە.
 
فێستیڤاڵەکە بە بەرلینالە دەناسرێت و بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵ لە ئاستی جیهاندا و سێ لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە ئاستی ئەوروپادا دەناسرێت، بەردەوام رەخنەی ئەوەیان رووبەڕوو کراوەتەوە کە وەک پێویست گرنگی بە هەمەجۆری لە لیژنەی دادوەریاندا نادەن.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانس لە ئەمریکا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورۆنتۆ لە کەنەدا، ناوە درەوشاوەکانی نێو جیهانی سینەمان.
 
فێستیڤاڵی فیلمی کان کە دووەم کۆنترین فێستیڤاڵە لە جیهاندا لە دوای ڤێنس، تاوەکو 2020 هیچ رەشپێستێک سەرۆکایەتی لیژنەی دادەری فێستیڤاڵی نەکردوو و لەو ساڵەدا، سپایک لی، دەرهێنەری رەشپێستی ئەمریکیی بۆ ئەو پۆستە دیاریی کرد.
 
لە خولی ئەمساڵی بەرلینالە، سێ فیلمی ئەفریقا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدان و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیون دەکەن و بریتین لە فیلمی مۆریتانی 'They include Black' لە دەرهێنانی عەبدولڕەحمان سیساکۆ، دەرهێنەری مالی - مۆریتانی، فیلمی 'Who Do I Belong To' لە دەرهێنانی مریەم جوبور، دەرهێنەری تونسی – کەنەدی و فیلمی 'Who Do I Belong To' لە دەرهێنانی ماتی دیوپ.
 
74ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 15-26ـی شوباتی 2024 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و 20 فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا بەشدارن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکەن.
 
لە خولی ئەمساڵدا 233 فیلم لە 80 وڵاتەوە بەشدارن، زۆربەیان بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانیاکانن، 20 فیلم لە بەشی پێشبڕکێدان کە بەرهەمی هاوبەشی 30 وڵاتن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکەن، لەو فیلمانە 19ـیان پێشاندانی یەکەمی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا دەبێت، لەوانەش دوو فیلمی بڵند و بەڵگەفیلمێک لە ئەڵمانیاوە.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی ورچی زێڕین لە سێ بەشدا دەبەخشرێت، ئەویش بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، رێزگرتن لە تەمەنێک چالاکی سینەمایی و خەڵاتی تایبەتیی لیژنەی دادوەری کە لە خولی 71ـەوە دەبەخشرێت.
 
خەڵاتی ورچی زیوین، دەبەخشرێتە باشترین دەرهینەر، باشترین ئەکتەری ژن و پیاو، باشترین میوزیک، باشترین بەرهەمی تاکە کەسی و خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ باشترین کورتە فیلم.
 
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی کامێرای بەرلینالە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی خزمەتیان پێشکێش بە فێستیڤاڵەکە کردووە.
 
بڕیارە 74یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، خەڵاتی ورچی زێڕینی شانازی، ببەخشێتە مارتن سکورسێزی، دەرهێنەری ئەمریکی، وەک رێزێک لە کۆ بەرهەم و چالاکییە سینەماییەکانی.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کچێکی بێ سەرپۆش لە پێشانگەی مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخی تاران

لە تاران تابلۆی پیکاسۆ و وارهۆڵ خرانەڕوو

لە کاتێکدا ئێران بەردەوام لەگەڵ رۆژئاوا رووبەڕووی گرژی دەبێتەوە، لە تاران پێشانگەیەکی تایبەت بە بەرهەمی هاوچەرخی هونەرمەندانی رۆژئاوایی کرایەوە، تێیدا بەرهەمی پابلۆ پیکاسۆ و ئاندی وارهۆڵ خرانەڕوو.