گوڵستان پەروەر: گومانم لە شڤان هەبوو پەیوەندی لەگەڵ ژنی دیكە هەبێ‌

17-02-2018
هیڤیدار زانا
هیڤیدار زانا @hevidarzana1
نیشانەکردن گوڵستان پەروەر
A+ A-

بەشی دەیەم
رووداو - هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە.

گوڵستان پەروەر ئەمجارەیان باسی كردنەوەی ئەنستتیوتی كورد لە پاریس و یڵماز گونەی و كردنەوەی كەناڵی مەدتیڤی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات.

رووداو: لە ئەڵقەكانی رابردوو باسی چوونت بۆ سوێد كرد و لەوێ‌ گوتت پەیوەندی كوردان كەم بوو، كاتێك سەیری  پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی خۆت دەكرد و خێزانەكانی ئەوێت دەبینی، هەستت بە جیاوازییەك دەكرد؟

گوڵستان: جیاوازییەكی زۆر هەبوو. بەڵام من بە شتێكی سروشتی دەمبینی. چونكە من قەناعەتم بەخۆم هێنابوو كە هاوسەرگیریی من وەكو هاوسەرگیریی خەڵكی ئاسایی نییە. من كوردم، من شۆڕشگێڕم. من دەخوازم كوردستانێكی ئازاد هەبێ‌، بۆ ئەمە خەبات دەكەم. دەبێ‌ ژیانی من لە خزمەتی ئەو ئامانجەدا بێ‌. نەك بە تەنیا ژیانی خۆم، ژیانی كوڕی خۆم، من بەو جۆرە ژیام. ئەگەر قەناعەتم بەخۆم نەهێنابا نەمدەتوانی یەك رۆژیش ئەو ژیانە قبوڵ بكەم. زۆر زەحمەتە  بە منداڵێكی بچووكەوە لە وڵاتێكدا بژی كە شەش مانگی تاریك و بەفرە، شەش مانگیشی رووناكە. هەموو شتێكی ئەو وڵاتە بۆ تۆ عەجیب بێ‌، وڵاتێك لەوپەڕی دونیا. میللەتێك بە تەواوی لە تۆ جیاواز و هیچ هاوبەشییەك لە نێوان من و ئەوێدا نەبێ‌. بۆ من سوێد هەسارەیەكی دیكە بوو.

رووداو: سەرخۆبوون لە باخچەی ساوایان بوو، پێی خۆشبوو؟

گوڵستان: سەرخۆبوون منداڵێكی زۆر عەجول بوو، گوێی بە هیچ نەدەدا، لە منداڵانیشی دەدا، من ئێستا وا بیر دەكەمەوە سەرخۆبوون بەو رەفتارانەی ئەوكات دەیكرد، نیشانی دەدا كە كەسێكی نائاسوودە بووە. من منداڵ بووم كە بووم بە دایك. دەبووایە لە تەمەنی 25 ساڵی یان 30 ساڵی منداڵ دروست بكەم.  من و سەرخۆبوون پێكەوە گەورە دەبووین، ئەو هەڤاڵی منە. ئێستا وا هەست دەكەم برا گەورەمە، زۆرجار ئەو بڕیارەكانی بەسەر مندا دەسەپێنێ‌. ویژدانم بەرامبەر سەردەمی منداڵێتیی سەرخۆبوون نائاسوودەیە.   

رووداو: پەیوەندی سەرخۆبوون و باوكی چۆن بوو؟

گوڵستان: ئەو بە حەسرەتی بینینی باوكی خۆی بوو. كە باوكی دەبینی هەر دەیگوت بابە بابە، حەزی نەدەكرد لێی جیاببێتەوە. زۆر هۆگری باوكی بوو. كە بۆی دەگریا شڤان دەیگوت بۆ من نەگری، وای لێهاتبوو سەرخۆبوون نەیدەوێرا لەلای باوكی بگری. شڤان باوكێكی وشك بوو بۆ سەرخۆبوون.

رووداو: مامۆستا شڤان بۆچی وای دەكرد؟ ئایا لەبەر ئەوەی بوو كە فێری ئارامگرتن بێ‌، چونكە ئەو زۆربەی كات لە دەرەوە بوو؟

گوڵستان: رەنگە لەبەر ئەوە بووبێ‌، تەحەمولی گریانی منداڵان ناكات.

رووداو: دوایی كە سەرخۆبوون كەمێك گەورە بوو، پەیوەندی لەگەڵ باوكی چۆن بوو؟

گوڵستان: ئەوە شتێكی سەیرە، تۆ لە شڤان بپرسە دەڵێت هەموو شتێك نۆرماڵ بوو، باوكێكی زۆر باش بووم. چیم لەدەست هاتبێ‌ بۆم كردووە.

رووداو: سەرخۆبوونیش وا بیر دەكاتەوە؟

گوڵستان: سەرخۆبوون هەموو جارێك دەڵێت ئێوە ژیانێكی نۆرماڵتان نەبووە. ئێستا دەڵێت من منداڵێك نایەنمە دونیا، ئەگەر هەموو كات و ژیانم و هێزم بۆ ئەو منداڵە نەبێ‌. ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێ كە كاتی خۆی ئێمە كات و ژیانی خۆمان بەو نەداوە.

رووداو: ئەوكات كە تۆ لە سوێد بووی، یەڵماز گونەی توركیای جێهێشتبوو، لە پاریس بوو، ئێوە ئەوتان بینی؟

گوڵستان: بیرمە ساڵی 1983 ئینستتیوتی كورد لە پاریس دامەزرا. هەواڵیان بۆ ناردین كە ئێوە (گوڵستان و شڤان) وەكو دوو هونەرمەند داوەتكراون بۆ ئاهەنگێك لە پاریس، ئێمە چووین بۆ ئەوێ‌. سەیدایێ‌ جگەرخوینیش هاتبوو، زۆر كەسایەتی دیكەی كورد لەوێ‌ بوون. چەند رۆژێك لەوێ‌ بووین، شەوی كردنەوەی ئینستتیوت بۆ یەكەمجار یڵماز گونەیمان بینی، چاك و چۆنیمان كرد. بیرمە چووە سەر ستەیج و گوتی دەبێ‌ چوار پارچەی كوردستان ببێتە یەك دەوڵەت. ئێمە بۆ ئەو ئامانجە تێدەكۆشین. مخابن ئەو رۆژانەی نەدیت.

رووداو: یڵماز گونەی كوردیی دەزانی؟

گوڵستان: نەخێر، باوكی یڵماز گونەی زازا بوو، لە سوورەكێ‌ كێشەی خوێنداری هەبوو، بۆیە چووبوو بۆ ئەدەنە. دایكی یڵماز كرمانجە و خەڵكی مووشە. ئیدی لە ئەدەنە یەكدی دەبینن و هاوسەرگیری دەكەن. یڵماز لە ئەدەنە لەدایكبووە. یڵماز دەڵێت كاتێك دایكم و باوكم بیانویستبا ئێمە لە قسەكانیان تێنەگەین بە كوردی قسەیان دەكرد. من دەمزانی ئەوە كوردییە. من كوردی فێر نەبووم لەبەر ئەوەی دراوسێكانمان هەموو تورك بوون. ئەو سۆسیالیست بوو، ماركسیست بوو، كوردپەروەر بوو. ئەو دەیویست كوردستانێكی ماركسیستی سەربەخۆ هەبێ‌. هەتا دوایین هەناسەی ژیانیشی هەر بۆ ئەو ئامانجە تێدەكۆشا.

رووداو: ئەو شەوە چۆن تێپەڕی، ئێوە كۆنسێرتتان كرد؟

گوڵستان: بەڵێ‌، من چوومە سەر ستەیج و گۆرانیم گوت، شەوێكی زۆر خۆش دەرباز بوو، فیلمەكانی یڵماز گونەی كرانە كوردی  و نمایش كران. ئەو شەوە بۆ هەموومان شەوێكی دیرۆكی بوو، قەت لەبیر ناكرێ‌.

رووداو: دەگەڕێینەوە سوێد، ئێوە چۆن توانیتان بۆ ماوەیەكی زۆر درێژە بە هاوسەرگیرییەك بدەن، تۆ لەلایەك و مامۆستا شڤان لەلایەكی دیكە. راستە ئێوە بۆ یەك ئامانج تێدەكۆشان، بەڵام دواجار ئێوە ژن و مێرد بوون، مافی ژن و مێردایەتیتان بەسەر یەكەوە هەبوو. ئایا لەو رووەوە هیچ كەموكوڕییەكتان نەبوو؟

گوڵستان: با كەموكوڕی هەبوو. من ئێستا بیری لێدەكەمەوە، ئەو ژیانە بەلای شڤانەوە ئاسایی بوو، شڤان لەو رووەوە هیچ كەموكوڕییەكی نەدەبینی، بەمنی دەگوت ماڵی براكەت لێرەیە. كوڕت هەیە، دەچییە قوتابخانە، توانات هەیە، تۆ چ دەخوازی؟ پێیدەگوتم لە ماڵەوە دانیشە، دەنگت دەرنەیەت. زۆرجار تەلەفۆنم بۆ دەكرد، پێمدەگوت كەی دێیتەوە ماڵ؟ ئەویش تووڕە دەبوو، دەیگوت دیسان دەستت پێكرد؟ كەی كارم تەواو بوو دێمەوە. كە وای دەگوت من زۆر تووڕە دەبووم.

رووداو: تۆ گومانت دەكرد شڤان پەیوەندی هەبێ‌، بۆیە وایە؟

گوڵستان: بەڵێ‌ بێگومان. چونكە شڤان هونەرمەند بوو، كەسێكی بەرچاو بوو. من دەمگوت شڤان پەیوەندی لەگەڵ ژنی دیكە هەیە. پێمدەگوت كە تۆ هێندە لە دەرەوەی، ئاسایی نییە، ئەویش حاشای لێدەكرد.  

رووداو: ئێوە پێشتر لایەنگری پەكەكە بوون و لە ریزی ئەوان خەباتتان دەكرد، بەڵام دواتر بەهۆی هەندێك كێشە لە پەكەكە دووركەوتنەوە، تا وای لێهات كۆنسێرتەكانی ئێوە لەلایەن پەكەكەوە پرۆتستۆ دەكران، ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ پەكەكە ئاسایی بووەوە؟

گوڵستان: هەتا تەلەفزیۆنی مەد تیڤی نەبووەوە، پەیوەندیمان وابوو. كە تەلەفزیۆنەكە كرایەوە، هاتنە لامان و گوتیان با لاپەڕەیەكی نوێ‌ بكەینەوە. ئێمە ناڵێین خزمەتی ئێمە بكەن، خزمەتی میللەتی خۆتان بكەن. دەنگی خۆتان بگەیەننە میللەت. بەڕاستیش مەدتیڤی شۆڕشێك بوو بۆ خۆی. بەلای ئێمەوە كردنەوەی ئەو تەلەفزیۆنە وەكو دروستبوونی دەوڵەت وا بوو. كاریگەریی زۆری هەبوو، لە ئەوروپا بە زمانێكی قەدەغەكراو پەخش دەكرا، لە سێ‌ پارچەی كوردستان شەڕ بوو. ئەو تەلەفزیۆنە بۆ ئێمە زۆر گرنك بوو، ئامادەبووین رۆحی خۆمانی پێشكەش بكەین.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە