دەشنێ موراد: 10 ساڵە لە عەزابدا دەژیم

16-12-2014
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن دەشنێ موراد
A+ A-

رووداو- هەولێر

بە "بێ كۆنترۆڵ" خۆی خزاندە نێو بواری راگەیاندن، دواتر هەنگاوی نا بۆ گۆرانیگوتن، پاشانیش كاری ژینگەیی و ئاژەڵدۆستی. هەمیشە لێو بەخەندەیە، بەڵام خۆی دەڵێت كە دڵی پڕە لە برین و دەرد. دەشنێ موراد پێشكەشكار و گۆرانیبێژ، دوای چەندین كاری هونەری ماوەیەكی زۆرە لە میدیا و كاری هونەریش دووركەوتووەتەوە، ئەو لە رێگای رووداوەوە هۆكارەكانی ئەو دیارنەمانەی ئاشكرا دەكات.

رووداو: ماوەیەكە لە كاری راگەیاندن دووركەوتوویتەوە، بۆچی؟

دەشنێ موراد: ماوەیەكی زۆر نەخۆش بووم، لە هۆڵەندا چارەسەریم وەردەگرت. جگە لەوەش هەوڵمداوە خۆم كۆبكەمەوە، بۆئەوەی ئیش بكەم، بەڵام لەگەڵ ستافەكەم نەدەگەیشتینە ئەنجام. زۆر لە فانەكانم دەڵێن كاتێك كوردستان تۆی پێویست بوو لێرە نەبووی، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوكاتەی لە هۆڵەندا بووم كە زۆر نەخۆشیش بووم، ماڵ بەماڵ لە دەرگام داوەو كۆمەكم كۆكردووەتەوە، نزیكەی 220 تۆن كەلوپەلمان بۆ ئاوارەكان نارد. بەڕاستی دڵم پڕە لە هەزار و یەك ئاواز و رەنگ، ماوەیەكی زۆر وەستام و ناخۆشییەكی زۆرم بینی، هەمووی بۆ من بووەتە ئاواز و لەناو مۆبایلەكەم تۆمارم كردوون، بۆیە بەڵێن دەدەم كە دوای سەری ساڵ بە جوانترین كار دەگەڕێمەوە لای هەوادارانم.

رووداو: ماوەیەك پێشكەشكار بوویت و دواتر گۆرانیت گوت، كامەیان بۆ تۆ باشترین وێستگە بوو؟

دەشنێ‌ موراد: هیچیان، لەبەرئەوەی هەمووی بۆ من عەزاب بووە و رۆژ نەبووە نەگریم. ئاسان نییە تۆ لە كۆمەڵگایەكدا بژیت هەمیشە لە شەڕو ئاژاوەدا بووە، لە كۆمەڵگایەكدا كە تا ئەمڕۆش دوژمنان دەیانەوێت لەناویبەرن. لەگەڵ ئەوەشدا من لە نێوان دوو كەلتووردا پەروەردە بووم. من بوومە قوربانیی نێوان دوو كەلتوور، ئێستا تەمەنم گەیشتووەتە 28 ساڵ، هێندە عەزاب و ناخۆشی و دەردەسەریم بینیوە هەرچی ئاوازێك لە دڵمەوە دێتە دەرەوە ئاوازی جددی و خەم و خەفەتە، 10 ساڵە من خۆشیم نەبینیوەو لە عەزابدا دەژیم. تاوەكو ئێستاش كەس رێزی لە كارەكەم نەناوە، بۆیە خۆم بە خۆم دەڵێم دەستخۆش دەشنێ.

 رووداو: پێش ئەوەی كاری راگەیاندن و هونەری بكەی، پێشبینی ئەو رۆژانەت نەكردبوو؟

دەشنێ‌ موراد: نەخێر هەرگیز پێشبینی ئەو رۆژانەم نەكردبوو، لەبەرئەوەی من بە پلانێك نەهاتبوومە نێو كاری هونەر و راگەیاندن، تەنیا حەزم لەو كارانە بووە و گوتوومە با ئەمكارە بكەم، چونكە من كچێك بووم دڵپاك و دڵساف بووم، گوتیان بێ كۆنترۆڵ بكە گوتم باشە، ئەمە دەرگایەكی باشی بۆ كردمەوە، چونكە پێشتر لە هۆڵەندا لە گوندێك دەژیان هەر كوردیم نەدەزانی، بەڵام بەهۆی ئەم بەرنامەیە توانیم كوردییەكەم باش بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا حەزم نەدەكرد تێكەڵی كەلتووری رۆژهەڵات ببم، چونكە دەمبینی ئەوەندە جیاوازی هەبوو لە نێوان ئافرەت و پیاو. هەر خۆم لە هۆڵەندییەكان نزیك دەكردەوە، بەڵام دواتر كە هاتمەوە كوردستان توانیم شوێنی خۆم بكەمەوە، بەڵام هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەكردبوو، بۆیە ئێستا ناتوانم دوای ئەو هەموو ماندووبوونە وازبێنم و دانیشم.

رووداو: بەڵام لە رواڵەتدا زۆر بەختەوەر دەردەكەوی؟

دەشنێ‌ موراد: من هەر نازانم خۆشی چییە، 10 ساڵە هێندە ناخۆشیم بینیوە و گریاوم، ئێستا لام ئاسایی بووە. من ئەكتەرێكی زۆر سەركەوتووم، تەنیا ئەو كاتانەی دەچمە دەرەوە و میكیاژ دەكەم دەست بە پێكەنین دەكەم، وانیشان دەدەم كە خۆشحاڵم، بەڵام كە گەڕامەوە ماڵەوە، بێجامەكەم لەبەر كرد و بەتانیەكەم بەسەرخۆمدا دا و سەیری فیلمم كرد، ئیتر هەتا بەیانی دەگریم.

رووداو: ئایا میدیا هاوكارت بووە یاخود بە پێچەوانەوە؟

دەشنێ‌ موراد: هەردووكیان. بەشێكی زۆری راگەیاندن هاوكارم بوون، بەڵام هەندێك گۆڤار و ماڵپەڕی ئینتەرنێت هەوڵیانداوە بمشكێنن. من تێناگەم ئەو پیاوە چ ویژدانێكی هەیە لە پشت كۆمپیوتەرێك دانیشتووە، نەعلێكی لەپێ كردووە و بە ورگێكی زلەوە جگەرە لە دوای جگەرە دەكێشێ، بە پێنج خولەك ئافرەتێك دەشكێنێ، كە ئەو ژنە هەموو هەوڵی خۆیداوە بۆ بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا، شەرەفی ئافرەت لە ناو كۆمەڵگای كوردی چەند گرنگە، كەچی ئەوان دەیانەوێت بە ئاسانی بیشكێنن، بەڵام ئەوان ویژدانیان لە كوێ بوو.

رووداو: ئەوانە بۆ دەیانەوێت تۆ بشكێنن؟

دەشنێ‌ موراد: چونكە پیاو نین. ئێستا گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتە، ئەوانە بۆیە دەیانەوێت بمشكێنن، چونكە حەز دەكەن بگەنە ئاستی من، بەڵام متمانەیان بەخۆیان نییە. ئەوانەی شتی خراپ لەسەر من دەنووسن پیاو نین، زۆر بچووكن و پێكەنینم پێیان دێت. هیوادارم رۆژێك رووبەڕوویان ببمەوەو باوەشیان پێدا بكەم و پێیان بڵێم هێشتا نەدۆڕاون؟ ئێستاش كاتی ماوە و دەتوانن بگەڕێنەوە و ببنە پیاو.

رووداو: كەواتە تەنیا پیاوەكان دژایەتی تۆیان كردووە؟

دەشنێ‌ موراد: لەبەر ئەوەی میدیای كوردی بەشێكی زۆری پیاو بەڕێوەی دەبات. ئەو كچانەی لە راگەیاندن ئیش دەكەن بەشێكیان دەمیان كوتراوە، خۆشبەختانە ئێستا باشترە لە جاران، بۆ نموونە رووداو توانی شۆڕشێك لەنێو میدیای كوردی بەرپا بكات، چونكە زۆر گرنگی بە میدیاكاری ئافرەت داوە، ئێستا رووداو بووەتە ماركە. ئێستا رووداو قوتابخانەیەكە بۆ ئێمە.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ئەڤین ئاسۆدا چۆنە؟

دەشنێ‌ موراد: زۆر شانازی بە ئەڤین ئاسۆوە دەكەم و كەسێكی زیرەك و لێهاتووە، هەرچەندە لە نزیكەوە پەیوەندیمان نەبووە.

رووداو: ئەی دەگوترا پێَشتر كێشەتان هەبوو، لەسەر چی بوو؟

دەشنێ‌ موراد: سەرەتا ناخۆشی هەبوو لە نێوانمان، ئێستا هیچ كێشەیەكی وامان نییە. من ئێستا نامەوێت دژایەتی هیج كەسێك بكەم، لەگەڵ كەسیش كێشەم هەبێت، ئەوە میدیاكان بوون كاتی خۆی حەزیان دەكرد كێشەمان لەنێوان دروستبكەن.

رووداو: 28 ساڵی، بیرت لە شووكردن نەكردووەتەوە؟

دەشنێ‌ موراد: چەند ساڵ پێش ئێستا گوتوومە حەزدەكەم شوو بكەم و منداڵم ببێت، بەڵام قسمەتە. هەتا لەم دواییانەدا شیعرێكم بە زمانی ئینگلیزی بۆ كچەكەم نووسیوە، باس لەوە دەكات كە رۆژێك بێت لەباوەشی بكەم و ناوی بنێم فریشتە. شووكردن قسمەتە، بەڵام دەبێت یەكێك بێت لە من تێبگات و كارەكانی منی قبوڵ بێت، لەبەر ئەوەی من كاری هونەری دەكەم كەمێك سەختە پیاو ئەوە قبوڵ بكات، رۆژانە لە میدیاكانەوە قسەی ناشیرین بەرامبەرم دەكرێت.

رووداو: كەس داوای هاوسەرگیری لێكردووی؟

دەشنێ‌ موراد: جا كێ دەوێرێت ئەو داوایە لە دەشنێ موراد بكات، دەڵێن ئەو ژنە كۆنترۆڵ ناكرێت، نامانەوێ بیكەین بە خێزانی خۆمان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە