مادۆنا لە کۆنسێرتەکەی سوێد بۆ قوربانیانی پاریس فرمێسک دەرێژێت

رووداو – AP

مادۆنا، ئەستێرەو گۆرانیبێژی بەناوبانگی جیهان، لە ستۆکهۆڵم-ی پایتەختی سوێد، کۆنسێرتێکی گۆرانی سازکرد، لە کۆنسێرتەکەشیدا بە گریانەوە سڵاوی بۆ قوتابیانی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی پاریسی پایتەختی فەرەنسا نارد.


کۆنسێرتەکەی مادۆنا بە ئامادەبوونی هەزاران لە هەوادارانی بەرێوەچوو، ئەم ئەستێرەیە بە چاوی فرمێسکەوە سڵاوی بۆ قوربانیان نارد و گوتی "ویستم ئەم ئاهەنگە هەڵبوەشێنمەوەو گۆرانی نەڵێم، بەڵام بیرم کردەوە ئەگەر وا بکەم تیرۆرستانی پاریس دەبنە پاڵەوان".



گوتیشی "شوێنی قوربانیانی هێرشەکەی فەرەنسا لە دڵی ئێمەو هەموو خەڵکی جیهاندایە، تیرۆرستان هەرگیز ناتوانن ئازادی لە خەڵکی فەرەنساو جیهان بستێننەوە، ناتوانن وامان لێبکەن گۆرانی نەڵێین، ، سەما نەکەین، پێنەکەنین".



هەر لە کۆنسێرتەکەشدا، مادۆنا گۆرانییەکی تایبەتی پێشکەشی قوربانیانی فەرەنسا کرد، کە لە شەوی هەینی لە چەند هێرشێکی جیاواز، لە چەند شوێنێکی جیاوازی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، گیانیان لەدەستدا.