لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ فیلمێک لەبارەی ئامێری تەنبوور پێشاندرا

رووداو دیجیتاڵ

لە سێیەم رۆژی چالاکییەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، بەڵگەفیلمی 'تەنبوور' لە دەرهێنانی فەرید ئیلهامی پێشاندرا کە باس لە ناسنامەی ئامێری میوزیکی تەمبوور دەکات.
 
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2023 ئامادەی پێشاندانی فیلمەکە بوو.
 
دوای پێشاندانی فیلمەکە، گفتوگۆ لەبارەی ئامێری تەمبوور و ئایینی یارسان کرا، دەرهێنەری فیلمەکە وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە، یەکێک لە بەشداربووان مارگرێتا ئیڤانۆڤنە کاراتیگینا، بەرپرسی بەشی هاوکاری نێودەوڵەتی و پێکەوەکارکردنی پرسە نێودەوڵەتییەکانی کۆنسێرڤاتۆری چایکۆفسکی، داوای کرد هاوکاری دامەزراوەکەیان بکرێت لە رووی پێدانی سەرچاوەی زانستییەوە بۆ ئەوەی بتوانن گرنگی بە تەمبوور و مەقامەکانی یارسان بدەن
 
فەرید ئیلهامی میوزیکژەن و دەرهێنەری کورد، لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ چەند ئاوازێکی میوزیکی پێشکەشکرد و بەرهەمەکەی بووە مایەی بایەخپێدانی ناوەندە کولتووری و هونەری و ئەکادیمییەکانی رووسیا و کۆنسێرڤاتۆری چایکۆڤسکی پێشنیازی کرد، فەرید ئیلهامی لە زۆربەی شارەکانی رووسیا کۆنسێرتی هونەری سازبکات.
 
سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ لە 12ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد و تاوەکو 12 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
 
لە 2020ـه‌وە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ لە رووسیا بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سپۆنسەری فێستیڤاڵەکەیە.