هێرش هەورامی: ناسر رەزازی و مەرزییە داوایان كردبوو گۆرانی هەوار بڵێنەوە
رووداو- سلێمانی
نزیكەی حەوت ساڵە ئەلبوومێكی ئامادەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە ناتوانێت بڵاوی بكاتەوە. ئەوە تەنیا حاڵی گۆرانیبێژ هێرش هەورامی نییە، بەڵكو زۆر لە هونەرمەندان و گۆرانیبێژان بەهۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە بەرهەمەكانیان تۆزی لەسەر دەنیشێت.
هێرش سابیر، ناسراو بە هێرش هەورامی ساڵی 1982 لە شاری هەڵەبجەی شەهید لەدایك بووە، بەڵام بنەچەی دایكی و باوكی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان. كەسوكاری هێرش هەورامی لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە راگوێزراون بۆ شاری رومادی، نزیكەی حەوت ساڵ لەوێ ژیاون. دوای راپەڕین گەڕاونەتەوە شاری هەڵەبجە و پاشان بۆ سلێمانی. لە ساڵی 1998یشەوە لە نەرویج نیشتەجێن.
هێرش هەورامی 14 ساڵ لەمەوبەر یەكەمین ئەلبوومی خۆی بەنێوی "هەوار" بڵاوكردەوە، بەڵام دوای ئەو ئەلبوومە هیچ بەرهەمێكی نەبووە. هەورامی لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی هۆكاری بێدەنگییەكەی دەكات.
رووداو: ژیانی منداڵیت هەر ئاوارەیی و دەربەردەری بووە، ئەوە چ كاریگەرییەكی لەسەر تۆ هەبووە؟
هێرش هەورامی: ژیانی منداڵیم بەهۆی ئەو راگواستن و هاتوچۆ زۆرەوە تاڕادەیەك ناخۆش بوو، بەڵام هەر ئێمە وا نەبووین، زۆر خێزانی دیكەی كوردیش وەكو ئێمە بەو قۆناغەدا رۆیشتوون.
رووداو: ئێوە دوای ئەو هەموو ئاوارەیی و دەربەدەرییە، چوونە نەرویج، لەوێ چۆن دەرفەتت بۆ دروست بوو ببیتە گۆرانیبێژ؟
هێرش هەورامی: خۆم حەزم لە گۆرانیگوتن بوو. ساڵی 1998 دوای وەرگرتنی رەزامەندیی باوكم، لەڕێگەی یەكێتی لاوانەوە هاتمە نێو بواری هونەرەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەری خێزانەكەمم لەسەر بوو، چونكە دایكم و باوكیشم گۆرانییان گوتووە.
رووداو: گۆرانی هەوار دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، بەڕای تۆ هۆكارەكەی چی بوو؟
هێرش هەورامی: راستییەكەی لەساڵی 2000ەوە سەرقاڵی ئەو ئەلبوومە بووم، هەموو كەسیش دەڵێن ئەلبوومەكە لەلایەك و ئەو گۆرانییە لەلایەكی دیكە. تێكستی گۆرانییەكە فۆلكلۆرە، بەڵام سەركۆپلەكەی و میلۆدییەكەی لەلایەن هونەرمەندی كۆچكردوو مامۆستا سەباح هەورامییەوە دانراوە و سەرەتاش ئەو گوتوویەتی، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی ئەو، منیش بە موزیكێكی نوێ گوتمەوە.
دەنگدانەوەكەشی پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەبوو، یەكەمیان زۆر نەگوترابووەوە، میوزیكەكەی لەلایەن مامۆستا فاروق باپیر دابەشكرابوو. پێش ئەوەی دەنگی بخەمەسەر، بە قسەی مامۆستا فاروق، هونەرمەندان ناسری رەزازی و مەرزییەخان، چووبوونە ستۆدیۆ و گوتبوویان گۆرانییەكی دیكە بۆ هێرش دروست بكەن، با ئەو گۆرانییە بە ئێمە بدات.
رووداو: بۆچی زۆربەی گۆرانییەكانت فۆلكلۆرن؟
هێرش هەورامی: ئەو گۆرانیانەی كلیپیان بۆ كراوە فۆلكلۆرن، ئەو گۆرانییانە لە ئەلبوومی هەوار بوون و سەرەتای دەستپێكی كاری هونەریشم بوو، بەڵام گۆرانی دیكەشم هەیە ئاوازەكەیان فۆلكلۆر نییە. جگە لەوەش دەبێت ئەو بەرهەمەی دەیڵێم بۆ دەنگی خۆم بگونجێت.
رووداو: بۆچی دوای ئەلبوومی هەوار بێدەنگ بوویت و هیچ بەرهەمێكت نەبوو؟
هێرش هەورامی: لەو چەند ساڵەدا وەكو تاك چەند گۆرانییەكم بڵاوكردەوە، بەڵام كلیپم بۆ نەكردوون. نزیكەی حەوت ساڵە ئەلبوومێكم ئامادەیە كە لە 10 تراك پێكهاتووە. شەشیان میلۆدی خۆمە. لەو شەش گۆرانییەش تێكستی سێ بەرهەمیان خۆم نووسیومە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە ئەلبوومەكەم بڵاو نەكردووەتەوە. لە كوردستان بەڵێنی زۆریان پێدام بۆ بڵاوكردنەوە، بەڵام نەیانبردە سەر.
رووداو: ئەلبوومەكە ناوی چییە؟
هێرش هەورامی: ئەو كاتەی ویستم بڵاوی بكەمەوە ناوم نا سەمای ئازادی، چونكە ئەو گۆرانییە بۆ رووخانی ئەو كاتەی رژێمی سەدامم گوتبوو، بەڵام ئێستا بەنیازم ناوی بنێم گۆشەگیر كە یەكێكی دیكەیە لە گۆرانییەكانی ئەلبوومەكە و رەنگە هاوشانی هەوار بێت.
رووداو: ریتمی گۆرانییەكانت وەك هەوارە، چونكە كارەكانی تۆ زیاتر خێران؟
هێرش هەورامی: چوار گۆرانییان خێران، میلۆدی دوو گۆرانیشیان فۆلكلۆرن، ئەوانی دیكەش شێوازی دیكەن بۆ نموونە ئەرەبیسك.
رووداو: بۆچی لە میدیا دەرناكەوی؟
هێرش هەورامی: چونكە زۆر حەزم لە دەركەوتن نییە.
رووداو: خێزانداریت؟
هێرش هەورامی: بەڵێ، هاوژینەكەم خەڵكی ناوچەی خۆمانە و ناوی چیایە، بەڵام لە شاری پاوەی رۆژهەڵات ژیاوە، ساڵی 2008 خێزانمان پێكەوەنا، ئێستا خاوەنی دوو منداڵین.
رووداو: هاوژینەكەت لەگەڵ هونەر نێوانی چۆنە؟
هێرش هەورامی: باشە. لە كلیپی گۆرانیی شاری پاوە بەشدار بووە، گۆرانییەكەشم بەتایبەت بۆ ئەو گوتووە، ساڵی 2007 هۆنراوەكەم بۆ نووسی كە ئەوكات دەستگیراندار بووین. دەمزانی ساڵی داهاتوو دەڕۆمەوە بۆ ئەوێ، بۆیە هەر لەوێش كلیپمان كرد، دوو هەفتە بوو گواستبوومەوە كە كلیپەكەمان كرد.
رووداو: هاوژینەكەت دەنگی خۆشە؟ بۆچی گۆرانی ناڵێت؟
هێرش هەورامی: دەنگی بۆ گۆرانی سۆرانی و فارسی زۆر باشە، بۆ داهاتووش هەوڵ دەدەین وەكو گۆرانیبێژێك دەربكەوێت. خۆم حەز دەكەم لە گۆرانیگوتندا لە من سەركەوتووتر بێت.
رووداو: پێتخۆشە پێَكەوە گۆرانییەك بڵێن؟
هێرش هەورامی: زۆرم پێخۆشە، لە گۆرانی گۆشەگیر وەكو كۆرس بەشداریی كردووە و بۆ داهاتووش ئەگەر زانیم كلیپێك پێویست دەكات بەشداری پێدەكەم.
نەیمار بە هەورامی
هێرش هەورامی، تەمەن 34 ساڵ، خێزاندارە و باوكی دوو منداڵە. لە ساڵی 2008 خێزانی پێكەوە ناوە، دوای سێ ساڵ كوڕێكیان بووە، ناویان ناوە نیما. حەوت مانگ لەمەوبەریش كوڕێكی دیكەیان بووە، كوڕەكەیان بەنێوی نەیمار جۆنیۆر داسێلڤای یاریزانی بەرازیلی كردووە. هێرش هەورامی لەبارەی ناولێنانی منداڵەكەی بە ناوی "نەیمار"ەوە دەڵێت:"كوڕی یەكەمم ناوی نیمایە، لەبەر خۆشەویستیم بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی بەرشەلۆنە، ئەم كوڕەم ناونا نەیمار".