باڵاکورتترین پیاوی جیهان لە فیلمێکدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت

16-08-2023
پەسار فایەق
ئەفشین قادرزادە باڵاکورتترین پیاوی جیهان
ئەفشین قادرزادە باڵاکورتترین پیاوی جیهان
نیشانەکردن باڵاکورتترین پیاوی جیهان ئەفشین قادرزادە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵاکورتترین پیاوی جیهان هاتووەتە هەولێرە و بۆ یەکەمجار بەشداری لە کورتە فیلمێکدا دەکات. ئەفشین قادرزادە کە بە مەحەممەد قادرزادەش دەناسرێت، لە گوندی خوڕخوڕی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووەتە هەولێر بۆ ئەوەی بەشێکی چیرۆکی فیلمەکەی وێنەبگرێت.
 
ئەو گەنجە کوردە تەمەنی 22 ساڵە، باڵای 64 سانتیمەترە و کێشی شەش کیلۆ گرامە، ئەمەش وایکرد لە ساڵی 2021 وەک باڵاکورتترین پیاوی جیهان بناسێندرێت و ناوی لە کتێبی 'گینس' تۆماربکرێت.
 
لە کورتە فیلمی 'ئایفۆن 14' ئەفشین قادرزادە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. بەشێکی لە بۆکان وێنەگیراوە و بەشێکی دیکەی لە هەولێر. لە چیرۆکی فیلمەکەدا ئەو هەرچەند باڵاکورتە، بەڵام وەک پیاوێکی گەورە بە هانای ماڵباتەکەیەوە دەچێت.
 
ئەفشین قادرزادە بە رووداوی راگەیاند، دڵخۆشە لە کورتە فیلمێکدا بەشداربووە و وێنەگرتنی چوار رۆژ لە بۆکان و دوو رۆژ لە هەولێر بەردەوام بووە.
 
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی محەممەد عەلی موکری، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەگەڵ ستافێکی ئەو پارچەیەی کوردستان کار بۆ ئەم بەرهەمە دەکات، لەوانە سەبا روار، وەک بەڕێوەبەری بەرهەم و یاریدەدەری دەرهێنەر و سلێمان رەحیمی وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن. کاری دەنگی لەلایەن نادر خالیدی دەکرێت، جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەکتەری باشووری کوردستانیش بەشدارن، لەوانە سەنگەر خورشید.
 
مەحەممەد عەلی موکری، دەرهێنەر کورتەفیلمی 'ئایفۆن 14' بە رووداوی راگەیاند، ئەفشین قادرزادە توانی رۆڵگێڕانی زۆر باشە و رۆڵەکەی بە باشی گێڕاوە.
 
باوک و دایکی ئەفشین بە یەکەم هەنگاوی کوڕەکەیان بۆ نێو جیهانی سینەما دڵخۆشن و هیواخوازن ئەمە دەرگایەک بە رووی بەهرە و تایبەتمەنەییەکەیدا لە جیهاندا بکاتەوە و دۆخی ئابوورییان باشتر بێت.
 
ئیسماعیل قادرزادە، باوکی ئەفشین، بە رووداوی راگەیاند، ئەوان دڵخۆشن کە کوڕەکەیان رووی لە سینەما کردووە و هەموو کاتێک پشتیوانی بوونە و لە داهاتووشدا پشتیوانی دەبن.
 
ئەفشین قادرزادە هەرچەند تۆمارێکی جیهانی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سوود لەو ناوبانگییەی وەربگرێت و رەنگە بەشداری لە یەکەم کورتە فیلمدا دەرگای ناوبانگی بەروودا بکاتەوە و دۆخ و گوزەرانی ئابووری خۆی و ماڵباتەکەی باشتر بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە