فۆتۆگرافەری رووداو لە فیستیڤاڵی وێنەی بەیرووت بەشدار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دووەمین فیستیڤاڵی وێنەی بەیرووت لە 1-30ـی ئەیلوولی داهاتوو، لە لوبنان بەڕێوەدەچێت، تێیدا سێ فۆتۆگرافەری کورد بەشدارن، یەکێک لەوانە بڵند تاهیر، فۆتۆگرافەری تۆڕی میدیایی رووداوە.
بڵند تاهیر، بە فۆتۆ ستۆرییەک لەبارەی 34مین ساڵیادی ئەنفالکراوانی نوگرە سەلمان، بەشدار دەبێت.
فۆتۆگرافەری رووداو، لەگەڵ فۆتۆگرافەران سەفین حەمید، فۆتۆگرافەری ئاژانسی فرانس پرێس و شڤان هەرکی لە باشووری کوردستانەوە لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبن.
مژاری ئەمساڵی فیستڤاڵەکە 'بیرەوەری'یە و فۆتۆگرافەران بە وێنە و فۆتۆستۆری لەبارەی مژاری جیاواز بەشدارن، بەڵام بە گشتی مژارەکان پەیوەندییان بە بیرەوەرییەوە هەیە. نمایشی وێنەی فۆتۆگرافەران لە ناوچە جیاوازەکانی بەیرووت لە 16ـی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات.
بەشداری ئەو سێ فۆتۆگرافەرە کوردە لە فیستیڤاڵەکەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی بووە کە یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی فیستیڤاڵەکەیە لە باشووری کوردستان و عێراق.
فیستیڤاڵی وێنەی بەیرووت، یەکەم خولی لە ئەیلوولی 2019 لەلایەن کۆمەڵەی فیستیڤاڵی وێنە بیرەوەری و بە هاوبەشی لەگەڵ خانەی وێنە و یەکێتیی وێنەگرانی عەرەب سازکرا و بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەردەوام بوو، لە 25 شوێنی جیاواز 600 وێنەی 122 فۆتۆگرافەری 25 وڵات خرانەڕوو.
بڵند تاهیر میوانی بووڵتەنی هونەری رووداو بوو کە رۆژانە لە کاژێر 10:40 بەیانی لەلایەن بانوو دڵشاد پێشکێشکدەکرێت، تێیدا تیشکی خستە سەر بەشداربوونی لە فیستیڤاڵەکەدا.