ماڵی میوزیکیی زەهاوی کۆنسێرتێک لە بەغدا سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە دوای سێ ساڵ سازکردنی کۆنسێرت لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە ئەمجارە کۆنسێرتێک لە بەغدا سازبکات و میوزیکی عێراقی و کوردی ئاوێتەی یەکدی دەکات.
 
هەژار زەهاوی، بە رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 15ـی تەمموزی 2023، لەلایەن د. ئەحمەد فکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری، گەشتیاریی و شوێنەواری عێراق لە بەغدا پێشوازی لێکرا و گفتوگۆ لەبارەی ماڵی میوزیکیی زەهاوی و چالاکییەکانی کرا، بە دڵگەرمی پێشوازی لە چالاکییەکانی وەک هونەرمەندێک کرا.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ماڵی میوزیکیی زەهاوی بە پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتیاریی و شوێنەواری کۆنسێرتێک لە بەغدا سازبکات. گوتیشی، لە کۆنسێرتەکەدا هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان، بەغدا، موسڵ و بەسرە بەشدار دەبن و میوزیکی کوردی و ناوچە جیاوازەکانی عێراقی ئاوێتەی یەکدی دەکرێت.
 
لەلایەکی دیکەوە ماڵی میوزیکیی زەهاوی کۆنسێرتێک لە سلێمانی سازدەکات کە تایبەتە بە میوزیکی جاز و ئەو میوزیکە ئاوێتەی میوزیکی کوردی دەکرێت.
 
چالاکییەکە لە درێژەی کۆنسێرتەکانی ئەمساڵی ماڵی میوزیکیی زەهاوی دەبێت بۆ ئاوێتەکردنی میوزیکی کوردی لەگەڵ میوزیکی نەتەوە جیاوازەکان.
 
هەژار زەهاوی، بەڕێوەبەری ماڵی میوزیکیی زەهاوی، پێشتر لەمبارەیەوە بە رووداوی راگەیاندبوو، کۆنسێرتی ئەمجارەی ماڵی میوزیکیی زەهاوی تایبەتە بە میوزیکی کوردی و میوزیکی جاز، هونەرمەندانی ئەوروپا و کوردستان هەردوو میوزیکەکە ئاوێتەی یەکدی دەکەن.
 
زەهاوی گوتیشی، چوار هونەرمەند لە بەریتانیا، سویسرا، فەرەنسا و هەنگاریا لە کۆنسێرتەکەدا بەشدار دەبن و میوزیکی جاز دەژەنن، لە باشووری کوردستانیش ئەو بە ئامێری دەف، جنان یڵدز لە باکوور کوردستانەوە وەک گۆرانیبێژ، دیلان ستار لە باشووری کوردستانەوە بە ئامێری کلارنێت و زوهراب حەمە لە باشووری کوردستانەوە بە ئامیری شمشاڵ.
 
کۆنسێرتەکە کاژێر حەوتی ئێوارەی شەممە 27ـی تەمموزی 2024 لە سینەما سالم سازدەکرێت و ئامادەبوون تێیدا بە بلیتە.