'شاردنەوەی سەدام حوسێن' لە سینەماکانی سەرتاسەری فەرەنسا پێشاندەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پێشاندانی بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە سینەماکانی سەرتاسەری فەرەنسا دەستپێبکات، پێشاندانی تایبەتیشی بە ئامادەبوونی دەرهێنەر و بەشێک لە ستافی فیلمەکە لە پاریس بۆ دەکرێت.
 
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 6ـی تشیرنی دووەمی 2024ـەوە پێشاندانی فیلمەکەی لە سینەماکانی فەرەنسا دەستپێدەکات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای "Golden Afrique Ciné" لە فەرەنسا بڵاودەکرێتەوە کە پێشتر فیلمی "Mission Impossible"ـی تۆم کروزی لە فەرەنسا بڵاوکردووەتەوە.
 
بەڵگەفیلمەکە لە سینەماکانی ئەوروپا لە سوێد، نەرویج، دانیمارک، فینلەند، بەلجیکا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و رۆمانیا، لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی، لە سعودیە، ئوردن، مەغریب و تونس پێشاندراوە.
 
ئان باجۆل، بەرپرسی بڵاوکردنەوەی فیلم لە "Golden Afrique Ciné" بە رووداوی راگەیاند، بە چەند هۆکارێک فیلمەکەیان بۆ پێشاندانی لە سینەماکانی سەرتاسەری فەرەنسا هەڵبژارد، یەکەمیان، "تابەتمەندییە سینەماییەکانی فیلمەکە توانی سەرنجیان رابکێشێت. یەکێک لە باشترین ئەو بەڵگەفیلمانەیە کە بینیومە. وێنەکان جوانن و گێڕانەوەی چیرۆکی زۆر زیرەکانەیە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە پێویستی دەزانن بەرهەمەکانی هەڵکەوت مستەفا بە بینەری فەرەنسی پێشان بدەن.  
 
هۆکاری دووەمی پێشاندانی فیلمەکەی لە فەرەنسا بۆ ئەوە گەڕاندەوە: "مژارەکەی زۆر بەهێزە، هەمووان دیمەنی دەستگیرکردنی سەدام حوسێنیان لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن بینی. ئەم فیلمە تیشکێکی نوێ دەخاتە سەر گەڕان بەدوای سەدام حوسێن دا و ئەو چەند مانگەی خۆی لە سەربازە ئەمریکییەکان حەشاردا بوو". 
 
روونیشیکردەوە، چیرۆکی عەلا نامیق، ئەو پیاوەی سەدام حوسێنی حەشاردابوو زۆر سەرنجڕاکێشە. هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە و چۆن سەدام حوسێنی حەشاردا چیرۆکێکی کاریگەریە، پەیوەندییەکە بە رادیەک بووە کە بووەتە هاوڕێی سەدام حوسێن. بەر لە هەر شتێک ئەمە سەرکێشییەکی مرۆڤایەتییە.
 
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
 
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج بەرهەمهاتووە.
 
هەڵکەوت مستەفا پێشتر لەبارەی فیلمەکە بە رووداوی راگەیاندبوو، لەدوای نمایشکردنی بەڵگەفیلمەکە چاوەڕوانی ئەوە دەکات "فیلمەکە کاریگەرییەکی باشی هەبێت بۆ دروستبوون و تێگەیشتنی دیدگەیەکی نوێ لەسەر جەنگی عێراق و شاردنەوەی سەددام". دەشڵێت: "تەنیا یەک کەس دەتوانێت ئەم چیرۆکە بگێڕێتەوە، کەسێک کە چاڵەکەی هەڵکەندووە، ئەویش عەلا نامیقە".
 
گوتیشی: "چاوەڕوانی یەکەمی من ئەوەیە هەموومان وەکو مرۆڤ وانەیەک لە فیلمەکە وەربگرین و بزانین ئەو دەسەڵاتەی پێماندەدرێت چ کۆمەڵایەتی بێت و چ سیاسی، بە دروستی بەکاریبهێنین بۆ ئەوەی چارەنووسی هاوشێوەی سەداممان نەبێت".
 
هەر لەبارەی چیرۆکی فیلمەکە، پێشتر بۆ رووداو روونیکردبووەوە، بەڵگەفیلمەکە "دەنگدانەوەیەکی میدیایی دروستکردووە کە چۆن هیچ میدیایەک لە دنیادا نەیتوانیوە عەلا بدۆزێتەوە و ئەم هەموو ساڵە بە بێدەنگی ماوەتەوە، پرسیارە جیدییەکەش ئەوەیە بۆچی بۆ کوردێک قسەی کرد؟ هەست دەکەم، یەکەم شت پەیوەندی بە چاوەڕوانی منەوە هەبوو بۆ ئەم چیرۆکە، دووەم شت، یەکەم رۆژ من عەلام بینی پێمگوت دەمەوێت فیلمێک دروست بکەم و گرنگ نییە چەندی تێدەچێت و چەند ساڵی پێدەچێت، بەڵام گرنگە فیلمێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو چیرۆکە گرنگە دروست بکرێت کە چیرۆکی چاڵەکەیە. هەست دەکەم ئەوەی سەرنجی دنیای راکێشاوە ئەو چیرۆکی چاڵەیە کە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەری نییە. تەنیا یەک کەسیش دەتوانێت ئەو چیرۆکە بگێڕێتەوە، ئەویش عەلا نامیقە کە چاڵەکەی دروستکردووە".
 
ئەم بەرهەمە پێشتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام - ئێدفا پێشاندراوە، چالاکییەکانی لە 8-19ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئەمستردامی هۆڵەندا بەڕێوەچوو. ئێدفا بە یەکێک لە سێ گرنگترین فێستیڤاڵەکانی تایبەت بە بەڵگەفیلم لە جیهاندا دەناسرێت.
 
بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەوە لە ئیدفا، پێشتر وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویج راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا پیرۆزبایی لە دەرهێنەری فیلمەکە کردووە و ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، چاوەڕوان دەکەن "شاردنەوەی سەدام حوسێن" دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و سەرنجی رەخنەگرانی سینەما بۆ خۆی رابکێشێت.
 
یەکەم پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سێیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بوو، چالاکییەکانی لە 30ـی تشرینی دووەم تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەم 2023 بوو و دوو پێشاندانی بۆ کرا.
 
لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا، عەلا نامیق، ئەو کەسەی سەدام حوسێنی لە چاڵێکدا شاردبووەوە، بۆ یەکەمجار بۆ میدیاییەک قسەی کرد، ئەویش تۆڕی میدیایی رووداو بوو، باسی لە ناخۆشترین رۆژی سەدام لە کاتی مانەوەی لە چاڵەکەدا کرد و ئەو بڕە پارەیەی پێی بووە.
 
عەلا نامیق بە رووداوی گوت، ئەوان ئاگاداری هیچ نەبوون کاتێک سەدام لە دەرگەیانی داوە. کاتێکیش چووەتە لایان، سەدام حوسێن بڕە پارەیەکی زۆر کەمی لە گیرفاندا بووە. دەشڵێت: "خەمە گەورەکەی [سەدام] ئەوەبوو، کاتێک منداڵەکانی شەهید بوون، ئەمە سەخت و دژوارترین رۆژی بوو کاتێک گوێی لە هەواڵەکە بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا خۆی بە خەمباری دەرنەخست و چووە بەردەم خەڵک و پێی راگەیاندن ئەوان شەهیدی رێگای خودان. پەیامێکی بەجیهان گەیاند، بەوەی رۆڵەکانی لەپێناو ئەم رێبازە بەخشی و هەستێکی بە عێراقییەکاندا بەوەی لە ئەمریکییەکان ناترسێت و خەمبار نییە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی ئەوەی کێ بڕیاریدا سەدام لایان بمێنێتەوە، عەلا نامیق گوتی: "باوکم، ئەو کاتێک هاتە لای باوکم کەس نەیدەزانی و تەنانەت پێی راگەیاندین کە لە خەو بینیویەتی و ئێمەش نەمانبینیبوو، بۆیە بڕیاریدا بێتە لای باوکم. باوکیشم بانگی کردم و هەواڵەکەی پێ راگەیاندم، منیش یەکە بەیەکەی براکانم بانگکرد بەهۆی ئەوەی ناکرێ هەواڵەکە ئاشکرا بکرێت. سوپاس بۆ خودا توانیمان بیپارێزین تاوەکو ئەو کاتەی رادەستکرا. من ناتوانم بڵێم دەستگیرکرا، لە راستیدا رادەستکرا."
 
ئەو زیاتر لەبارەی دۆخی سەدامەوە قسەی بۆ رووداو کردبوو و گوتیشی: "لە دوایین گفتوگۆماندا زۆر دڵتەنگ بوو، کێشە روویدا. هەستی کرد کەسێک لە گرووپەکەی خۆی شوێنەکەی ئاشکرا دەکات. داوای لێکردم شوێنێکی نهێنی دیکەی بۆ بدۆزمەوە، منیش شوێنێکی جێگرەوەم بۆ دروستکرد، بەڵام بەداخەوە پێڕانەگەیشتین، بڕیاربوو دوای دوو رۆژ بیگوازمەوە کێڵگەی خۆم و لەوێ بیشارمەوە، بەداخەوە ئەوەی چاوەڕوان دەکرا روویدا و رادەستکرا. رۆژی 13ـی کانوونی یەکەم کاژێر 7:30 دەستگیرکرا."
 
رۆژی 20ـی ئازاری 2003، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەدام دەستپێکرد و رۆژی 9ـی نیسانی 2003 بەغدا کۆنترۆڵکرا و بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات. سەدام دیار نەما، بەڵام رۆژی 13ـی کانوونی یەکەمی 2003 لە لایەن هێزێکی ئەمریکییەوە لە چاڵێک لە پارێزگای تکریت دۆزرایەوە و رۆژی 30ـی کانوونی یەکەمی 2006 لەسێدارەدرا.
 
هەڵکەوت مستەفا، لە 1985 لە سلێمانی لە باشووری کوردستان لەدایکبووە، لە رێگەی فیلمی سینەمایی "کلاسیکۆ" لە 2016 ناوبانگی پەیداکرد کە لە 56 وڵاتی جیهان بڵاوکرایەوە و شەش خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا و بۆ حەوت خەڵاتی دیکەش بەربژێرکرا، لە باشووری کوردستانیش لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی بۆ کرا.
 
بەڵگەفیلمی "ئەو ژنانەی داعش لێیان دەترسێت" لە 2015 و فیلمی سینەمایی "دڵی سوور" لە 2011، لە بەرهەمەکانی ئەو دەرهێنەرەن.