حەسەن شەریف کلیپێک بڵاودەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکیش دەکات

16-05-2023
پەسار فایەق
هونەرمەند حەسەن شەریف
هونەرمەند حەسەن شەریف
نیشانەکردن حەسەن شەریف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند حەسەن شەریف، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'وەرە دەرێ' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە کە بەرهەمێکی شاد و هەڵپەڕکێیە و بەبۆنەی هاتنی وەرزی بەهاری، پێشکێش بە هەوادارانی دەکات.
 
حەسەن شەریف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی، سەرەتای گۆرانییەکە بە بەرهەمێکی "شای گۆرانی کوردی محەممەد عارف جزیری" دەستپێدەکات و بۆ دڵخۆشی و دڵشادی خەڵک لە وەرزی بەهارەدا بڵاویکردووەتەوە. گوتیشی، بەهۆی هەندێ بۆنە، یادەوەری و رێوڕەسمی ئایینی، بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە دواخست و لە دەستپێکی بەهاردا بڵاونەکرایەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە چەند شوێنێکی جیا جیا لە دەڤەری بادینان وێنەگیراوە، لەوانە دەڤەری مزووریان، بناری چیای مەتین، هەورەها گوتی: "بەداخەوە نەمانتوانی بچینە ئەو شوێنانەی مەبەستمان بوو بۆ ڤیدیۆکلیپەکە دیمەنەکان وێنەبگرین".
 
حەسەن شەریف، بە ستایل و شێوازی جیاواز گۆرانی گوتووە، جگە لە بەرهەمی نەتەوەیی، فەلسەفی و کۆمەڵایەتی، چەندین بەرهەمی شاد و هەڵپەڕکێی بەرهەمهێناوە. هونەرمەند لەمبارەیەوە دەڵێت، بە رەنگی جیاواز گۆرانی گوتووە، لەوانەش بەرهەمی شاد و هەڵپەڕکێ، بەڵام نایەوێت هەموو قوڕسایی خۆی بداتە ئەو جۆرە هونەرە.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەو هونەرمەندە کوردە ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی گۆرانی دەکات و لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەلبوومەکە 11 بۆ 12 تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت، دیار نییە کەی بڵاودەبێتەوە، چونکە پەلەی لێناکات و دەیەوێت بەرهەمێکی باش پێشکێش بکات. ژمارەیەک شاعیر تێکستی گۆرانییەکانیان نووسیوە و بەشێکیشیان دەقی کلاسیکن. گوتیشی، دەیەوێت رۆحی بەرهەمەکانی پێشووی لە نیو ئەو بەرهەمە بێت، وەک ئەلبوومی 'ئاڤا و ئاڤ' کە لە 2007 بڵاوکرایەوە.
 
هونەرمەند پلانی ئەوەی هەیە تاوەکو ئەو کاتەی ئەلبوومەکە بڵاودەبێتەوە، جار جار بەرهەمی تاک و ئاکۆستیکیش بڵاوبکاتەوە، روونیشیکردەوە: "بەردەوامین لەسەر هونەر، چونکە هونەر بەشێکە لە ژیانمان".
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە دەرهێنانی نما جەلیلیانە و دەرهێنەر سیپان عادل چاودێری بەرهەمەکەی کردووە و لە کەناڵی تایبەتی حەسەن شەریف لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە