نەریمان و 'مودیر عام' میوانی بەرنامەی پاشیڤ بوون
رووداو دیجیتاڵ
نەریمان عەبدولواحید رەحمان، هاونیشتمانییەکی شاری هەولێرە و ئێستا لە بەریتانیا دەژی، ژیاونی هاوژینی لەگەڵ جەمیلە رەحمان پێکهێناوە کە خەڵکی چیکە و لە بەریتانیا دەژی.
ئەو دوو هاوژینە لە 2005 یەکتریان ناسیوە و لە دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ لە 2006 ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە و ئێستا خاوەن دوو منداڵن.
جەمیلە رەحمان بووەتە موسڵمان و تەنانەت دوو کوڕەکەشیان هاتووچۆی مزگەوت دەکەن و قورئان دەخوێنن.
ئەو دوو هاوژینە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناسراون و ڤیدیۆی کۆمێدی دروست دەکەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئامانجیان لەو ڤیدیۆیانە دڵخۆشکردنی خەڵکە و نیشادانی پەیوەندییەکی جوان و سەرکەوتووە لە نێوان دوو هاوژین کە لە دوو نەتەوە و کولتووری جیاوازن.
نەریمان عەبدولواحید خۆی کاری بازرگانی دەکات و جەمیلە رەحمان فەرمانبەرە لە دادگا و لە پاڵ ئەو داهاتەیان، ڤیدیۆیەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە سەرچاوەی داهات بۆیان.
ئەو دوو هاوژینە ڤیدیۆکانیان بەناوی 'نەریمان و مودیر عام' بڵاودەکەنەوە و نەریمان دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لە ماڵەوە زۆربەی شتەکان بە دەستی هاوژینەکەیەتی، بۆیە ناوی ناوە 'مودیر عام'.
جەمیلە رەحمان، لەبارەی خواردنی کوردی دەڵێت، حەزی لە یاپراخ، کفتە و کوبەیە و نەریمان عەبدولواحید دەڵێت، چیکییەکان هیچ خواردنێکی خۆشیان نییە باس بکرێت.
جەمیلە لە میانەی بەرنامەکەدا دەڵێت، پەیوەندی لەگەڵ خەسووی زۆر باشە و روو لە کامێرا دەکات و دەڵێت "خۆشم دەوێی، نەخەوتووی"؟
نەریمان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، جگە لە کوردستان، هەواداریان لە چیک و بەریتانیاش هەیە و مانگانە ڤیدیۆیەکیان لە یەکێک لە کەناڵە ئەمریکییەکان بڵاودەکرێتەوە.
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.