چیرۆکی دروستبوونی گۆرانیی 'بەتەنیا جێم مەهێڵن'
رووداو دیجیتاڵ
لە پێشنیوەڕۆی رۆژی 16-03-1988، حکومەتی بەعسی عێراقی، بە چەکی قەدەخەکراوی کیمیایی هەڵەبجەی بۆردوومان کرد و زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانیی شەهید و 10 هەزاریش برینداربوون. سەرەڕای ئەوەی ئەوکاتە کورد خاوەنی میدیای پێشکەوتوو نەبوو، بەڵام گەورەیی کارەساتەکە وای کرد هەواڵەکە بەخێرایی بڵاوبێتەوە.
دوای رووداوەکە و تاوەکو ئێستاش و داهاتووش، دەیان گۆرانی و هۆنراوە بۆ کارەساتی هەڵەبجە ئامادەکراون و دەکرێن، بەڵام گۆرانیی (بەتەنیا جێم مەهێڵن) یەکەمین گۆرانییە کە بۆ کارەساتی هەڵەبجە گوترابێت و تاوەکو ئێستاش وەکو سیمبولێکی کارەساتەکە گوێی لێ دەگیرێت.
گۆرانیی (بەتەنیا جێم مەهێڵن)، هۆنراوەی رەفیق سابیر و ساڵح سوزەنی-یە، هونەرمەند عەلی عابدی، ئاوازی بۆ داناوە و هەر خۆشی کاری دابەشکردنی مۆسیقاکەی بۆ کردووە و گوتوویەتی.
گۆرانییەکە لە هەمان ئەو ساڵەدا تۆمارکراوە کە هەڵەبجە تێیدا کیمیاباران کرا، واتە ساڵی 1988.
رووداو چۆن توانی مامۆستا عەلی عابدی بدۆزێتەوە و بیدوێنێت؟
تۆڕی میدیایی رووداو، بە گرنگی زانی لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیارانی هەڵەبجە دا، ئەو کارەی هونەرمەند عەلی عابدی بە وەرگرانی بناسێنێت و چیرۆکەکەی ئاشنا بکات، بۆیە سەرەتا ژمارەی کاک دڵزار عەلی، کوڕی مامۆستا عەلی عابدیمان دەستکەوت و پەیوەندیمان پێوەکرد، ئەو زۆر بە گەرم و گوڕییەوە پێشوازیی لێکردین، سەرەڕای ئەوەی کەمێک نەخۆش بوو، بەڵام هاوکاری کردین، بەوپێیەی مامۆستا عەلی عابدی، مۆبایلی زیرەکی نییە، ژمارەی خاتوونێکی بەناوی شلێر مەولوودی بۆ ناردین، خاتوو شلێر، بەرپرسی کارە هوونەرییەکانی عەلی عابدییە.
هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان لە ئێران فلتەر کراوە، بۆیە ناردنی ڤیدیۆ و دۆکیۆمێنت بە فلتەرشکێن کەمێک قورسە، بەڵام شلێر مەولوودی شانی دایە ژێر ئەو بارە و هەموو کارئاسانییەکی بۆ کردین و پرسیارەکانی ئێمەی لە مامۆستا عابدی کرد و وەڵامەکانی بە ڤیدیۆ بۆ ناردینەوە.
بەتەنیا جێم مەهێڵن، لە هەمان ساڵی کیمیایی بارانەکەدا گوتراوە
مامۆستا عەلی عابدی، جگە لەوەی خۆی میوزیسیان و گۆرانیبێژە، ئێستا مامۆستای میوزیکە و چەندین خوێندکاری هەیە. ئەو باسی کاتی بیستنی هەواڵی کارەساتەکەی هەڵەبجە دەکات لە 19-03-1988 و دەڵێت، "ساڵی 1988 لە تاران کرێکاریم دەکرد، لە هەمان ساڵدا شاری سەردەشت کیمیاباران کرابوو. لەکاتێکدا یەک-دوو رۆژی مابوو بۆ نەورۆز، وەستایەکی تورکمان لەگەڵ بوو، هات و گوتی: هەواڵێکی زۆر ناخۆشم پێیە، دەڵێن شارێکی کوردستان بەناوی هەڵەبجە کیمیایی باران کراوە و هەزاران کەسی تێدا کوژراوە.
عەلی عابدی، لە باڵەخانەیەکدا کاری کردووە، کە نە تەلەڤیزیۆنی لێبووە نە رادیۆ، رۆژنامەشی چەنگ نەکەوتووە، "ئەوکات نەماندەزانی کیمیایی چییە، بەڵام سەختیی بیستنی هەواڵەکە ئۆقرەی لێبڕیم و گەڕامەوە بۆ سەقز، لە رێگە بیرم لەوە دەکردەوە و دەمگوت: دەبێ چ چەکێک ئەوەندە کاریگەر بێت هەزاران کەس کۆمەڵکوژ بکات؟ دەبێ ئەتۆمی بووبێت؟ هەر لە رێگە و لەنێو پاسەکەدا گۆرانییەکەدا لەناو رووحمدا چەکەرەی کرد."
دوای بینینی ڤیدیۆی کارەساتی هەڵەبجە "بۆ ماوەیەک باری دەروونیم تێکچوو"
عەلی عابدی، بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکی دروستبوونی گۆرانیی بەتەنیا جێم مەهێڵن و دەڵێت: "کە گەیشتمەوە سەقز، رۆژی نەورۆز چوومە لای شاعیر کاک ساڵح سوزەنی، ئەویش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتم: چۆن وردەکاریی رووداوەکە بزانین؟ دیاربوو ئەویش وەکو من هەواڵەکەی بیستبوو، بۆیە رۆشتم بۆ شاری سەردەشت، لەوێ زانیاریی زیاترم دەستکەوت و دوای چەند رۆژێک ڤیدیۆی بەشێک لە کارەساتەکەم لە رێگەی هاوڕێیەکمەوە دەستکەوت کە دیاربوو لەلایەن پاسداری ئێران و چەند پێشمەرگەیەکەوە گیرابوون. دوای بینینی ڤیدیۆکان، بۆ ماوەیەکی زۆر باری دەروونیم زۆر خراپ تێکچوو، نەمدەتوانی باوەڕ بەوە بکەم کە ئەو هەموو خەڵکە لە چەند چرکەیەکدا ئاوا کەوتوون بەسەریەکدا و شەهید بوون. بەڕاستی بڕواکردن بەو دیمەنانە بۆ من زۆر سەخت بوو."
هۆنراوەکەی رەفیق سابیر نووسیویەتی و ساڵح سوزەنی دەستکاری کردووە
عەلی عابدی دەڵێت: "هەرچۆن بیرم دەکردەوە، توانای ئەوەم نەبوو کە شتێک بنووسم ئەو تراژیدیا نیشان بدا، بۆیە چوومە لای کاک ساڵح و پێم گوت: ئەوانە برا و خوشکی ئێمەن، با هیچ نەبێ کارێکیان بۆ بکەین. ئەو (ساڵح سوزەنی) نامیلکەیەکی مامۆستا رەفیق سابیری بەدەست گەیشتبوو، شیعری (بەتەنیا جێم مەهێڵن)ی هەڵبژارد و هەندێ دەستکاریی کرد و منیش ئاوازەکەیم بۆ دانا."
دوای دەستکەوتنی هۆنراوە و ئاواز دانان، تۆمارکردنی گۆرانییەکە دەبێتە ئاڵنگارییەکی سەخت بۆ عەلی عابدی؛ لەوبارەوە دەڵێت، "کەوتینە هەوڵی ئەوەی کە چۆن و لەکوێ تۆماری بکەین؟ ئەوکاتە مۆسیقا و ستۆدیۆ لە ئێران قەدەخە بوو، ئیدی داوای هاوکاریم لە هەندێ هاوڕێم کرد و کاک عەزیزی سەیفی، بەو پێیەی کە کارمەندی حکومی بوو، باشتر قسەیان لێ وەردەگرت و لە رێگەی فەرهەنگ و ئیرشادەوە مۆڵەتی بۆ وەرگرتین، هەرچەندە سەرەتا رێگەیان نەدا، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر رازی بوون."
بۆ یەکەمجار، گۆرانییەکە لە هۆڵی بەهەشتیی شاری سەقز گوترا، "ئەوکات زۆر کەس ئامادەبوون، زۆر پێشمەرگە، شاعیر و ئەدیبان ئامادەبوون و پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا."
چیرۆکی "دزینی" گۆرانییەکە
عەلی عابدی ئاماژە بەوە دەکات، "دوای پێشکێشکردنی گۆرانییەکە، من لە ژێر گوشارێکی زۆردا بووم، لەبەرئەوەی ئامێرێکی باش نەبوو گۆرانییەکە تۆمار بکەین، بۆیە رۆشتم بۆ لای هاوڕێیەکم کە سایزەرێکی کۆنی هەبوو، منیش بە سپاردەی یەک شەو لێم وەرگرت و بە یەک شەو خۆم سایزەرەکەم ژەند و گوتیشم، بە تۆمارکەر (مسجل)ێکی کۆن بە کوالێتییەکی خراپ تۆمارم کرد، بەڵام پێشوازییەکی باشی لێکرا."
بە گوتەی عابدی، دواتر یەکێک لە قوتابییەکانی بە ناوی (هێدی قادری) چووە بۆ لای و گوێی لە گۆرانییەکە گرتووە و زۆر سەرسام بووە، "داوای کرد بە سپاردە پێی بدەم، بەڵام بەبێ ئەوەی پرس بە من بکات، بردی بۆ سلێمانی و بەهەمان شێوە لەگەڵ مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی تۆماری کرد."
"ساڵی 1993 رۆشتمە خزمەت مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی و گلەییم لێکرد، ئەوانیش گوتیان هەڵە لە تایتڵدا بووە و چاکی دەکەین، بەڵام نەیانکرد، بۆیە چوومە هەولێر و لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ، روونکردنەوەم لەسەر ئاواز و هۆنراوەی گۆرانییەکە دا و گوتم ماڵی منە."
عابدی دەڵێت: "نازانم ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کرد بۆ نەیاندەویست خەڵک بزانن گۆرانیی منە، لەکاتێکدا من زیاتر لە 150 ئاوازم داوەتە هونەرمەندان و گوتوویانە، بەڕاستی ئەوەی بەرامبەرم کرا کارێکی نەشیاوبوو، چونکە منیش وەکو هەڵەبجەییەکان جەرگم سووتابوو بۆیە ئەو کارەم کردبوو."
ئەنوەر قەرەداخی: لەبەر حەماسەتم بۆ گۆرانییەکە بیرم لای ئەوە نەبوو کە گۆرانیی کێیە
ساڵی 1993، هونەرمەندی ژەنیار ئەنوەر قەرەداخی، بە ستایلێکی نوێتر، کاری داڕشتنەوەی مۆسیقا بۆ گۆرانییەکە دەکات و هێدی قادری دەیڵێتەوە.
رووداو پەیوەندیی بە هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخییەوە کرد و پێی گوتین: "هێدی قادری پێی گوتم کە ئاوازی عەلی عابدییە، بەڵام من چیرۆک و وردەکارییەکەیم نەدەزانی، ئەوکاتەش لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەسەر رووداوەکەدا تێنەپەڕیبوو، لەبەر حەماسەتم بۆ گۆرانییەکە زۆر رۆنەچوومە نێو وردەکارییەوە."
عەلی عابدی: بەو هیوایەی ئیدی گۆرانی بۆ ژیان بڵێم نەک کارەسات
عەلی عابدی، تاوەکو ئێستا سێ گۆرانیی بۆ هەڵەبجە و گۆرانییەکیشی بۆ کارەساتی شنگال لە ساڵی 2014 گوتووە، "کاری دیکەم بۆ کردووە، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی بەشێوەیەکی باش تۆماریان بکەم کە یەکێک لەوانە هۆنراوەی شەریف سنەییە و گۆرانییەکی دیکەش هۆنراوەی رەفیق سابیرە. پێموایە مرۆڤێک هەبێت لە هەر چوار پارچەی کوردستان، گۆرانیی بەتەنیا جێم مەهێڵنی نەبیستبێت، ئەو گۆرانییە بووە هێمانی مەزڵوومیەتی هەڵەبجە و کورد."
عابدی دەڵێت: "دوای ساڵانێکی زۆر و لە ساڵی 2019دا، رۆژێکیان بۆ من تەرخان کرد و لە پای ئەو گۆرانییە، رێزیان لێگرتم، وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی شەهید و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارەوانیی هەڵەبجە رێزیان لە کارەکەم گرت."
هیواش دەخوازێت، "توانیبێتم کارێکی شایستەم کردبێ، هەرچەندە سەدان ئاواز و سەمفۆنیا ناتوانێت قەرەبووی دڵۆپێک خۆێنی ئەو شەهیدانەی هەڵەبجە و سەردەشت بکاتەوە. ئەگەر کاتی خۆی بە شێوەیەکی باش گرنگیمان بەو کارەساتەی هەڵەبجە بدابا، پێموانییە کارەساتەکانی شنگال و کۆبانێ روویان نەدابا. بەو هیوایەی چیدی گۆرانی بۆ کارەسات نەڵێم، بەڵکو بۆ ژیانی بڵێم."