ئەکتەر و ئەستێرەکانی جیهان لە بەرلینالە قسە بۆ رووداو دەکەن


رووداو دیجیتاڵ
 
فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە دەستیپێکرد و لەسەر رێوڕەسمی فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە، هەر یەکە لە مات دەیمن، ئەکتەری ئەمریکی، کڵاودیا رۆز و لارس ئەیدینگێر قسەیان بۆ رووداو کرد. 
 
مات دەیمن ئاماژەی بەوە کرد، "من ئێرەم خۆشدەوێت. زۆر جار هاتوومەتە ئێرە. وەک ماڵی دووەممە. من بەرلینم خۆشدەوێت. ماوەیەکی زۆر لێرە ژیاوم، 20 ساڵ لەمەوبەر لێرە لە هەندێ فیلمی گرنگدا بەشدار بووم و لە ساڵانی دواتریشدا چەندین جار گەڕاومەتەوە."
 
پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو لە ماتی پرسی، تۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەواداری زۆرت هەن، چیت هەیە بۆیان؟
 
مات دەیمن گوتی، "من سڵاو لە هەموویان دەکەم و سوپاسیان دەکەم کە تەماشامان دەکەن. پێویستمان بە خەڵکە بۆ ئەوەی بەردەوامبین. سوپاس."
 
لارس ئەیدینگێر، ئەکتەری ئەڵمانیش بە رووداوی راگەیاند، "زۆر دڵخۆش و بە پەرۆشم. هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی سەیری زۆر فیلم بکەم، ناتوانم هیچ لە بارەی فیلمەکانەوە بڵێم، چونکە هێشتا نەمبینیون، بەڵام ئەوە ئامانجی منە، کە سەیری فیلمەکان بکەم."

 

 
وێلکێت بەنگ، یەکێکی دیکە بوو لەو ئەکتەرانەی کە قسەی بۆ رووداو کرد، ئەو پێشبینیی باشی بۆ خولی ئەم ساڵی فێستیڤاڵەکە هەبوو. گوتی، "چالاکییەکی زۆر گرنگ هەیە بە ناوی ئەپ فۆر بەرلین و منیش بەشداری پانێڵەکە دەکەم. رۆژی شەممە 17ی مانگ لە کاژێر 9ی بەیانییەوە تاوەکو 7ی ئێوارە پانێڵەکە بەڕێوەدەچێت. پێموایە زۆر گرنگە چونکە ئەمە بەشێکی پڕۆگرامەکە دەنگی نەوە ئەفریقییەکان و فیلمسازانی ئەفریقی-ئەوروپیی کە لێرەن دەگەیەنێت. پێموایە ئێرە شوێنە راستەکەیە کە پێویستە ئەوەی لێیبین و دڵخۆشم بەمە."
 
هەروەها رایگەیاند، "بە گشتی، پێموایە ئەمە زۆر ئەرێنییە کە فێستیڤاڵێک لە شێوەی بەرلینەلی هەیە کە هەمووان دەتوانن پڕۆژەکانیان بهێنن و گفتوگۆی نێوەڕۆکەکەی لەگەڵ ئامادەبووان بکەن کە ئەمەش بابەتی فێستیڤاڵەکەیە."
 
 
لەلایەکی دیکەوە کڵاودیا رۆز، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری کولتوور و میدیا گوتی، "ئێمە لە سەردەمێکی پڕ لە زەحمەتیدا دەژین، لە سەردەمی قەیران، ململانێ و جەنگدا رۆڵی کولتوور لە هەموو کاتێک گرنگترە. کولتوور دەنگی دیموکراسیی ئێمەیە، بۆیە ئەم فیلمە فێستیڤاڵە زۆر گرنگە."