چالاکییەکانی 67مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بەردەوامن

16-02-2017
دلێر تێلی
ژمارەیەک فیلمی عەرەبی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن
ژمارەیەک فیلمی عەرەبی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن
نیشانەکردن بەرلینالە فیلم
A+ A-

رووداو- بەرلین

چالاکییەکانی 67مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بەردەوامن و 18فیلم لە بەشی سەرەکیدا لە پێشبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ورچی زیڕین و زیون.


هەرچەند کەشوهەوا لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین ساردە، بەڵام چالاکییەکانی 67مین خولی فێستیڤاڵی نێودەڵەتیی فیلمی بەرلین کە بەرلینالە دەناسرێت، ئەو شارەی گەرموگوڕ کردووە

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا، 20هەزار میوان لە 122وڵات و نزیکەی چوار هەزار رۆژنامەنووس ئامادەبوونە و پێشبینی دەکرێت 330هەزار بلیت بۆ بینینی 400 فیلم، گفتوگۆ لەبارەی فیلمەکان و پێشانگاکان بفرۆشرێن.

ئەمساڵیش لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەک فیلمی عەرەبی بەشدارن، دیارترینیان فیلمی "لێدانێک لە سەر"ـە کە لە دەرهێنانی هیشام ئەلعسری، دەرهێنەری مەغربییە.

ئەم بەرهەمە لە جۆرەی فیلمە کۆمێدیەکانە و رووداوەکانی باس لە گوندێکی بچووکی مەغربی دەکات کە رووداوەکانی لە ساڵی 1986روودەدەن.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە یاری نێوان مەغریب و پورتوگال دەکات لە چوارچێوەی جامی جیهانی تۆپی پێدا کە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و مەغریب لە یارییەکەدا سەردەکەوێت، لە هەمان رۆژدا شای مەغریب گەشتێک لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە ئەنجامدەدات.

هیشام ئەلعسری دەرهێنەری مەغربی فیلمەکە دەڵێت: "فیلمەکە باس لە 1986دەکات، چونکە لەو ساڵەدا مەغریب و پورتوگال لە جامی جیهانیدا کە لە مەکسیک بەڕێوەچوو، رووبەڕووی یەکتربوونە، کە یەکێک لە رووداوە گرنگەکانی منداڵیمە، بۆ خەڵکیش رووداوێکی گرنگ بوو، خەڵک دڵخۆش بوون کە لە یاری تۆپی پێ و وەرزشدا سەرکەوتن، لەکاتێکدا دڵخۆشبوونیان لەو کاتەدا سەخت بوو".

ئیلی داغر، دەرهێنەری لوبنانی و براوەی خەڵاتی چلەبەڕووی زێڕین، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەیە و بازاڕ بۆ فیلمە نوێیەکەی بەناوی "شەپۆڵەکانی 98" پەیدا دەکات.

ئەم بەرهەمە لە جۆری فیلمە ئەنیمەیشنەکانە و رووداوەکانی لە دەورووبەری بەیروت روودەدەن. ئەم فیلمە لە ساڵی 2015ـدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاندا بەشداربوو و توانی خەڵاتی فێستیڤاڵەکەدا بەدەستبێنێت.

ئیلی داغر، دەرهێنەری لوبنانی دەڵێت: "بە بڕوای من فیلمەکە لە لوبنان و دەرەوە سەرکەوتوو بوو، چونکە وەک ئەوەی خەڵک پێیان گوتم، چیرۆکێکی زۆر روونی هەیە، لەهەمانکاتدا هەر لە سەرەتای فیلمەوە تاوەکو کۆتایی بینەر لەگەڵیدا دەژیت، بۆیە بەشێکی خەڵک لەگەڵ فیلمەکەدا ژیاون و پێی کاریگەر بوونە، هەرچەند زانیاریان لەبارەی لوبنان و ناوچەکە نەبووە، بۆیە ئەمە بە هۆکاری سەرکەوتنی فیلمەکە دەبینم".

چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، لە 9 تاوەکو 19ئەم مانگە بەردەوامدەبێت و 18فیلم لە بەشی سەرەکیدا لە پێشبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ورچی زیڕین و زیون.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە