گوڵستان پەروەر: پارەی كۆنسێرتەكانمان بۆ پەكەكە بوو

16-01-2018
هیڤیدار زانا
هیڤیدار زانا @hevidarzana1
نیشانەکردن گوڵستان پەروەر
A+ A-

بەشی شەشەم
رووداو- هەولێر


خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە. گوڵستان لە بەشی شەشەمی ئەم هەڤپەیڤینەدا، باسی تۆماركردنی یەكەم كاسێتی خۆی و كۆما نیشتیمان دەكات.  

رووداو: شڤان داوات لێدەكات بچیتە سەر ستەیج و گۆرانی بڵێی، تۆش قاچەكانت دەلەرزین، ئەو شەوە چۆن تێپەڕی؟

گوڵستان: دونیا لەبەر چاوم تاریك بوو، گێژ بووم، بەڵام ناچارم بچمە سەر ستەیج، ئامادەبووانی هۆڵەكە چەپڵەم بۆ لێدەدەن. یەكەمجارمە بەبەرچاوی حەشاماتێك لە خەڵكەوە گۆرانی دەڵێم. بەڵام هەر كە چوومە سەر ستەیج دەستم بە پڕوپاگەندەی كوردایەتی كرد. لە ناكاو شڤان گوتی: "لێ‌ دۆتمام لێ‌ دۆتمام لێ‌ دۆتمامێ‌.. روویامە رەشە". منیش گوتم رووی ئێمە رەش نییە، ئێمەی دۆتمان دەستمان لەنێو دەستی پسماماندایە بۆ سەربەخۆیی كوردستان. ئیدی گەرم بووم. 

رووداو: چ گۆرانییەكت گوت؟

گوڵستان: یەكەمجار گۆرانیی "كوردستانێ‌ كوردستان"م گوت. دواتر گۆرانیی وڵات چ قاس رەند و خوەشە... دواتر شوان هاتە سەر ستەیج و بەیەكەوە گۆرانیی "وڵات چ قاس رەند و خوەشە"مان دووبارە كردەوە. هەر لەوێش بە خەڵكمان راگەیاند كە دوای دوو هەفتەی دیكە زەماوەندی هاوسەرگیری دەكەین و ئێوەش مێوانی ئێمەن.

رووداو: دوای ئەو ئاهەنگە یەكەمین كاسێتی گۆرانیت تۆمار كرد، ئەمە چۆن بوو، جگە لە شڤان كێی دیكە هاوكاری كردی؟

گوڵستان: لە شاری بوخۆم ئامادەكاریمان بۆ تۆماركردنی كاسێتەكە كرد، نایف و رۆستەم و حوزنی حاجۆ، برای جوان حاجۆی گۆرانیبێژن. ئەوان هاوكارییان كردم.  نایف و رۆستەم قوتابیی زانكۆ بوون. ساڵۆنی زانكۆی بوخۆمیان پێداین بۆ ئەوەی كاری میوزیكی تێدا بكەین. نایف و حوزنی هاوسۆزی پەكەكە بوون، بەڵام رۆستەم پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبوو. هەروەها فاروق ئەسڵان و زۆر كەسی دیكە. ئەوانە هەموویان میوزیكژەن بوون.

شڤان هەموو ئەندامانی گرووپەكەی دەناسی. هەروەها زۆزان هەبوو لە كۆما بەرخودان. هاوژینەكەی ئیسماعیل، هاتە نێو گرووپەكە. ئیدی گرووپێكمان دروستكرد بەناوی كۆما نیشتیمان. جوان حاجۆ هاتە نێو گرووپەكەمان، بەڵام ئیدارەی نەكرد و دەرچوو لە گرووپ و گوتی گرووپەكەتان وەكو دیندارانە پیاو ناتوانێ‌ بیرەیەكیش بخواتەوە. ئێمە خواردنەوەمان لە گرووپەكە قەدەغە كردبوو. كەس بۆی نەبوو بچێتە دیسكۆ. دواتر سەیدخان و غەمگین بیرهات، هاتن. گرووپەكەمان تیپی هەڵپەڕكێشی هەبوو بۆ ئاهەنگەكان. پاشان هاتینە كۆڵن و لەوێ‌ ستۆدیۆیەكمان بە كرێ‌ گرت و یەكەم كاسێتی منیان تۆمار كرد. 12 گۆرانیمان لەماوەی كاژێر و نیوێكدا تۆمار كرد.

رووداو: پێش تۆماركردنی بەرهەمەكە، پرۆڤەتان كرد؟

گوڵستان: بەڵێ‌ سێ‌ مانگ پرۆڤەمان كرد.

رووداو: گۆرانییەكان چۆن بوون؟ فۆلكلۆر بوون، ئەڤینداری بوون، سیاسی بوون؟

گوڵستان: سەرجەمیان سیاسی بوون. سێ‌ یان چوار گۆرانی هی شڤان بوون.

رووداو: یەكەم كاسێتت بەناوی چی بڵاوكردەوە؟

گوڵستان: بەناوی گوڵستان – كۆما نیشتیمان، بڵاوكرایەوە.

رووداو: ئێستا كە گوێ‌ لەو كاسێتە دەگریتەوە هەستت چۆنە؟

گوڵستان: وەڵڵا وا دەزانم لە شەڕم. زۆر گوێمان لەلایەنی هونەری نەدەگرت، ئێمە زیاتر مەبەستمان گەیاندنی پەیام بوو.

رووداو: بەرهەمەكەت دەنگدانەوەی چۆن بوو؟

گوڵستان: كاسێتی یەكەمم وەكو بۆمبێك دەنگی دایەوە. نیمچە غروورێكی بۆ دروستكردم، ئاه من بوومەتە هونەرمەند! پشتی تورك و عەرەب و فارسمان بە زەویدا دا! كوردی رۆژهەڵات دەهاتن دەیانگوت خەڵك بەهۆی میوزیكی ئێوە شەڕی پاسداران دەكات. باشوور دەهاتن دەیانگوت پێشمەرگەی مەلا مستەفا بە میوزیكی ئێوە چالاكی دەكەن. بۆ ئێمە شتێكی زۆر گەورە بوو كە دەیانگوت پێشمەرگە بە دەنگی ئێمە شەڕ دەكەن، چالاكی دەكەن. 

رووداو: كاسێتەكەتان گەیشتە كوردستان، لە زۆر شوێن بڵاوبووەوە؟

گوڵستان: باوەڕ ناكەم كەس هەبێ‌ كاسێتی شڤان و گوڵستانی نەبووبێ‌. لە هەموو كوردستان بڵاوبووەوە. لە هەر جوگرافیایەك كوردی لێدەژین، دەنگی ئێمە بڵاوبووەوە.

رووداو: كاسێتەكەتان دەفرۆشت؟

گوڵستان: بەڵێ‌، چونكە پێویستمان بە پارە بوو بۆ ئەوەی بەرهەمی دیكەی پێ‌ تۆمار بكەین، بەڵام خەڵك لە ئەوروپا سیدییەكەیان دەكڕی و لە كوردستان كۆپییان دەكرد. بە ملیۆنیان لێ‌ كۆپی دەكرد، ئێمە كەیفمان پێدەهات، بەس بڵاوببێتەوە و پەیامی ئێمە بگات.

رووداو: دوای كاسێتی یەكەم؟

گوڵستان: ئیدی دەستم بە خەباتی میوزیك كرد، یەك رۆژ لە ماڵ نەبووم، ئۆتۆمبێلێكمان هەبوو، مینی باسێك بوو، هی كاركەرێك بوو وا بزانم بە هەزار مارك كڕیبوویان، تەنیا تەگەری هەبوون، ئێركۆندێشنەكەی كاری نەدەكرد. گرووپەكە بەو مینی باسە بە 10 سەعات لە كوێلنەوە دەچووین بۆ بەرلین. نەدەچووینە هوتێل لە ماڵی هەڤاڵ و كاركەران دەماینەوە، زەڵاتە و شۆرباوێكمان دروست دەكرد و دەمانخوارد. پارەمان نەبوو بچینە رێستورانت.

رووداو: كاتێك ماڵباتەكەت زانییانەوە تۆ كاسێتت تۆمار كردووە، هەڵوێستیان چی بوو؟

گوڵستان: خەڵك بردبوویان، گوتبوویان ئەوە كاسێتی گوڵستان و شڤانە. ئەوان زۆر ترسابوون، گوتبوویان تازە گوڵستان تەواو، بكوژرێ‌، لە سێدارە بدرێ‌، پەیوەندیمان پێوەی نییە.

رووداو: پێش بڵاوكردنەوەی ئەو كاسێتە پەیوەندیت لەگەڵ كەسوكارت مابوو؟

گوڵستان: نەخێر. كە خەڵك لە ئەڵمانیاوە دەچوونەوە كوردستان، پێمدەگوتن بڕۆن سەر لە دایكم بدەن و بڵێن رەوشی باشە و كوڕێكی بووە.

رووداو: خەڵك چۆن دەهاتن بۆ ئاهەنگەكانتان، كەسێك هەبوو ئاگاداریان بكاتەوە.

گوڵستان: خەڵك بۆ خۆی دەهات. بۆ نموونە لە بەرلین تەلەفۆنت دەكرد دەتگوت ئەمشەو ئاهەنگمان هەیە. لە هامبۆرگ لە برێمن، لە شارە گەورەكان، كورد وەكو مێروو دەهاتن بۆ كۆنسێرتەكانمان. ئەمەش وای كردبوو كە گرووپەكانی وەكو دەدەكادە پێیان ناخۆشبێ‌، چونكە ئێمە بووینە پلە یەك لە ئەوروپا.  پێش ساڵی هەشتا، ئەوانەی دەهاتنە كۆنسێرتەكان زۆرتر ئەوانە بوون كە بۆ كاركردن روویان لە ئەڵمانیا كردبوو، دوای هەشتاكان ئیدی سیاسییەكان هاتن. 

رووداو: خەڵك ئەوكات چییان پێدەگوتن؟

گوڵستان: ئووو! دەهاتنە لامان دەگریان، وێنەیان لەگەڵ دەگرتین. دەیانگوت نازانین ئێمە چۆن خزمەتتان بكەین، وەرن بچین بۆ ماڵی ئێمە.

رووداو: ئەی ژیانی تایبەتیتان چۆن بوو؟ 

گوڵستان: هیچ نەبوو، هەر عەیب بوو باسی بكەین. ئێمە گەنج بووین، نەخۆشیش دەبووین گوێمان پێنەدەدا، گوێمان بە جلوبەرگ نەدەدا. بە بیرم دێت زستان بوو، چووم بۆ بەرلین، جلی هاوینەم لەبەر بوو، پارەم نەبوو جلی پێ بكڕم. كاركەر چوون جلی زستانیان بۆ كڕیم.

رووداو: ئەو پارەیەی كۆتاندەكردەوە دەتاندایە كێ‌؟

گوڵستان: هەڤاڵانی پەكەكە دەیانبرد. دەیاندایە كرێی سازییەكان. ئەو شوێنەی رۆژنامەی سەرخۆبوونی لێدەردەچوو بەپارەی ئێمە بە كرێ‌ گیرابوو. ئۆتۆمبێلێكمان كڕی بۆ گرووپ. خەرجیی گرووپمان پێ‌ دابین دەكرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە