رووداو- هەولێر
سێیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەدیرنە، سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بۆ هونەرمەند هۆزان جانێ دەرکرد.
هونەرمەندی کورد هۆزان جانێ، هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانییە، 23ی حوزەیرانی 2018 بۆ بانگەشەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار چووە پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە و بڵاوکردنەوەی وێنەو نووسینی کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پەکەکە، ئەم سزایەی بۆ دەرچووە.
![](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/art/caneee/17265148_1592263810802270_4549095159903376500_n.jpg)
ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی هونەرمەند سەعیدە ئیناج ناسراو بە هۆزان جانێ لە ئەدیرنە بەڕێوەچوو. ئەو هونەرمەندە لە زیندانی ئیستەنبوولەوە لە رێگەی سیستەمی دەنگ و رەنگ (SEGBiS) بەشداری پرۆسەی دادگایی کردنەکەی بوو. سێیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەدیرنە، بڕیاریدا بە مانەوەی جانێ لە زینداندا و سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بۆ بڕیەوە.
لەمیانەی داکۆکی کردن لە خۆی، هۆزان جانێ، بە دادوەرانی راگەیاند"هیچ پەیوەندییەکم بەو نووسینانەوە نییە، کە لەبارەی من لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بڵاوکراونەتەوە، من هونەرمەندم و کاری هونەری دەکەم."
![](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/art/caneee/15317805_1467603406601645_2925995872688420599_n.jpg)
نەورۆز ئاکاڵان پارێزەری هۆزان رایگەیاندووە، تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەگرن تاوەکو دادگای پـیاداچوونەوە بە کەیسەکەدا بچێتەوە.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، گوتی: ماریا ئادەباهر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەمیانەی پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند:"ئەم حاڵەتە بۆ ئێمە ناسراوە، لە رێگەی کۆنسولییەوە لەگەڵ دامودەزگاکانی تورکیا و خێزانەکەی لە پەیوەندیدان."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی:"ئەمڕۆ کۆنسولی گشتی ئەڵمانیا لە پرۆسەی دادگاییەکە ئامادەبووە. لەبارەی دۆسییەکەوە لە پەیوەندی چڕداین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ