گرووپی میوزیکی سنە لە فێستیڤاڵێک لە دووبەی یەکەم بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

لە فێستیڤاڵی مێهر لە دووبەی گرووپێکی میوزیکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەکەم پێژمان نەقشبەندی، ئەندامی گرووپی میوزیکی سنە بە رووداوی راگەیاند، گرووپی میوزیکی سنە، لە فێستیڤاڵی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بەناوی مێهر لە دووبەی، لەناو 160 گرووپ توانی پلەی یەکەم لە بەشی میوزیک بەدەستبهێنێت.
 
پێژمان نەقشبەندی گوتیشی، فێستیڤاڵەکە لە چەند بەشی جیاواز وەکو شانۆ، وێنەگرتن، کورتەفیلم و میوزیک پێکهاتبوو، کە 160 گرووپ لە بوارە جیاوازەکان لەو فیستیڤاڵەدا بەشدابوون.
 
زانیار پێندار، ژەنیاری ئامێری دیوان، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی گرووپەکە باسی لە چۆنیەتی هەڵبژارنی گرووپەکەیان بۆ رووداو گوتی،" ئیمە وەک نوێنەری نەتەوەی کورد بۆ ئەم ڤێستیڤاڵە هەڵبژێردراین و توانیمان بە پێشکەشکردنی میوزیکی رەسەنی کوردی سەرنجی لێژنەی هەڵسەنگاندن و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بۆ خۆمان رابکێشین و بە ژەنینی میوزیکی بێ ڤۆکاڵ پلەی یەکەمیی فێستیڤاڵ بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین."
 
گرووپی میوزیکی سنە چوار ژەنیاری هەیە، پێژمان نەقشبەندی ژەنیاری ریتم، زانیار پێندار ژەنیاری ساز، پووریا وەزیری ژەنیاری قانوون، فەراز مەعروفی ژەنیاری کەمانچە و ماوەی ساڵێکە گرووپەکە دامەزراوە.
 
فێستیڤاڵی مێهر، پێشتر لە بواری شانۆ، کورتە فیلم و وێنەگرتن هەبوو، ئەمجارە میوزیکیشی تێدا زیادکرا. چەندین گرووپ لە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران تێیدا پێشبڕکێیان کرد.